ته‌له‌فیزیۆنی ئێران چاوپـێـکه‌وتنێـکی کۆنی ڕوحانی له‌ باره‌ی به‌رنامه‌ ناوکیـیه‌که‌وه‌ دووباره‌ په‌خش ده‌کاته‌وه‌

ته‌له‌فیزیۆنی ده‌وڵه‌تی ئێران ئه‌مڕۆ هه‌ینی دووباره‌ ئه‌و چاوپـێـکه‌وتنه‌ی په‌خشکرده‌وه‌ که‌ چوار مانگ له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن ڕوحانی سه‌رۆکی نوێی ئێران سـازکرابوو و تیایدا باسی له‌ شیانی گه‌یشتن به‌ ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا کردبوو له‌ باره‌ی به‌رنامه‌ ناوکیـیه‌که‌وه‌.
پـێده‌چێت ئه‌م په‌خشه‌ به‌ مه‌به‌سته‌وه‌ بووبێت تاوه‌کو جه‌خت بکرێته‌ سه‌ر به‌ڵێنه‌کانی ڕوحانی به‌ پـێاده‌کردنی ڕێبازێـکی میانڕه‌و و زیاتر کراوه‌‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی به‌رنامه‌ ناوکیـیه‌که‌.
جێی ئاماژه‌یه‌ ڕوحانی له‌ چاوپـێـکه‌وتنه‌که‌یدا گوتبووی ئه‌گه‌ربێت و ئه‌و بـبێته‌ سه‌رۆک ئه‌وا هه‌وڵ ده‌دات ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی قایل بکات به‌وه‌ی به‌ وتووێژ و دانوسـتاندن کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌کرێن نه‌ک سزاکان.
گوتوشیه‌تی ڕه‌نگه‌ ئێران به‌ ڕێـکه‌وتنێـک له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوادا بگات که‌ ڕێگه‌ی پـێـبدات به‌رده‌وام بێت له‌ پـیتاندنی یۆرانیۆم و له‌ هه‌مان کاتیشـدا دڵنیایان بکاته‌وه‌ ئێران چه‌کی ناوکی دروسـت ناکات.