دکتۆر هۆشمه‌ند: ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ڕوویدا کوده‌تایه‌کی سپی بوو

Hoshmand Ali

له‌ دانیشتنی‌ ئێواره‌ی یه‌کشه‌ممه‌ی‌ په‌رله‌ماندا سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان هه‌ردوو پرۆژه‌یاسای‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و په‌رله‌ما‌نی‌ خسته‌ به‌رنامه‌ی‌ كاره‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌نگیش تێپه‌ڕێنرا و ولایەتی سەرۆکی هەرێم و ماوه‌ی په‌رله‌مان درێژکرانەوە، به‌ڵام فراكسیۆنه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن ناڕه‌زایـیان له‌ به‌رامبه‌ری ده‌ربڕی‌‌و هۆڵی‌ په‌رله‌مانیان جێهێشت . هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی ئۆپۆزسێۆن له‌ ناو په‌رله‌ماندا گوتیان له‌ كاتی‌ خسته‌نه ‌ده‌نگدانی‌ پرۆژه‌كانه‌وه‌، سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان به‌بێ‌ ژماردنی‌ ده‌نگی‌ به‌ڵێ‌‌و نه‌خێره‌كان یاساكه‌ی‌ تێپه‌ڕاندو گوتی‌ به‌زۆرینه‌ی‌ ده‌نگه‌‌ ئه‌وه‌ش نایاساییه‌.
به‌پێی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ یاسایه‌ی‌ که‌ ‌په‌رله‌مان تێپه‌راندوه‌ ، ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ مه‌سعود بارزانی‌ تا ساڵی‌ 2015‌ و ماوه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانیش تا 1-11 ی‌ ئه‌مساڵ درێژكرانه‌وه.
‌ دکتۆر هۆشمه‌ند عه‌لی مێژووناس و شاره‌زای کاروباری سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بنکه‌ له‌ ئه‌مه‌ریکا له‌ وتووێژێکدا له‌ گه‌ڵ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا گوتی ئه‌گه‌ر بێتوو سه‌رۆکی هه‌رێم ئه‌و پرۆژه‌ قانوونه‌ په‌سه‌ند بکات، که‌ ئه‌گه‌ره‌کانیش زۆر ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن که‌ له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هه‌رێمی کوردستان ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ بڕیاری خۆی له‌سه‌ر بدات به‌ په‌سه‌ندکردنی یاخود په‌سه‌ندنه‌کردنی. به‌ڵام پێموایه‌ په‌سه‌ند ده‌کرێت چونکه‌ ئه‌وه‌ به‌ ڕێکه‌وتنێکی پێشوه‌قتی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی عێراق و مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی و پارتی داده‌ندرێت له‌سه‌ر په‌رله‌مانی کوردستان و به‌تایبه‌تیش خودی فراکسیۆنی کوردستانی که‌ به‌سه‌ریدا فه‌رزکراوه‌، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ ئه‌وه‌ی که‌ ناوی لێبندرێت له‌مێژوودا وه‌کو کوده‌تایه‌کی سپی. ده‌شڵێت به‌ڕاستی ئه‌وه‌ بۆیه‌ پێی ده‌گوترێت کوده‌تایه‌کی سپی چونکه پێشترێ‌ هیچ ئاماده‌کارییه‌ک و هیچ ئاماژه‌یه‌ک بۆ ئه‌و پرۆژه‌ قانوونه‌ نه‌کراوه‌.

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژی دکتۆر هۆشمه‌ند عه‌لی