بڕیاره‌ ئیسرائیل ژماره‌یه‌ک گیراوی فه‌له‌ستینی ئازاد بکات

سائیب عورێقات، وتووێژکه‌ری فه‌له‌ستینی ده‌ڵێت ئیسرائیل یه‌که‌م ده‌سته‌ی فه‌له‌ستینیه‌ زیندانکراوه‌کان ئازاد ده‌کات له‌ هه‌فته‌ی ئاینده‌دا که‌ ماوه‌یه‌کی زۆره‌ له‌ گرتوخانه‌کانی ئیسرائیلدان.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئیسرائیل وه‌ک به‌ڕێز عورێقات ده‌ڵێت به‌پێی ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌یه‌ که‌ بۆ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی دانوستاندی ئاشتی کراوه‌ و ده‌شڵێت سێ ده‌سته‌ی تریش ئازاد ده‌کرێن.

له‌ ڕاگه‌یاندنێکدا سائیب عورێقات ئاماژه‌شی به‌وه‌ کردووه‌ ڕۆژی 13 ی ئه‌م مانگه‌ 26 زیندانیکراوی فه‌له‌ستینی ئازاد ده‌کرێن.

له‌ به‌رامبه‌ردا وتووێژکه‌ری ئیسرائیلی زیپی لڤینی وه‌زیری داد گوتوویه‌تی ئه‌و ئازاد کردنانه‌ ته‌نها له‌و کاته‌دا ده‌بن که‌ فه‌له‌ستینیه‌کان بیسه‌لمێنن هاوبه‌شێکی ڕژدن له‌ دانوستاندنه‌کاندا.

له‌ هه‌فته‌ی ڕابردوودا ئه‌م دانوستاندنانه‌ له‌ واشنتۆن ده‌ستیان پێکرد و له‌ هه‌فته‌ی ئاینده‌شدا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌رده‌وامی ده‌بێت.

به‌نیامین نه‌ته‌نیاهۆ، سه‌ره‌ک وه‌زیری ئیسرائیل توانی شکست به‌و دژایه‌تیه‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ئازادکردنی ئه‌و فه‌له‌ستینیانه‌ بێنێت که‌ له‌ناو کابینه‌ی حکومه‌ته‌که‌یدا هه‌بوون.