ئه‌مه‌ریکا درێژه‌ به‌ داخسـتنی ژماره‌یه‌ک باڵیۆزخانه‌ و کونسوڵخانه‌ی خۆی ده‌دات

وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ژماره‌یه‌ک له‌ باڵیۆزخانه‌ و کونسوڵخانه‌کانی خۆی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوری ئافریکا کرده‌وه‌، به‌ڵام هێشـتا 19 یانی به‌ داخراوی هێشته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و مه‌ترسیـیه‌ ئاسایشـیانه‌ی هه‌ن.
کونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌ولێر و باڵیۆزخانه‌کان له‌ به‌غدا و کابول و جه‌زائیر و ده‌کا له‌ نێو ئه‌و ئۆفیسه‌ دیپـلۆماسیانه‌ن که‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ ڕێگه‌ی داوه‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ بکرێنه‌وه‌.
به‌ڵام ئۆفیسه‌کان له‌ عه‌مـمان و قاهیره‌ و خه‌رتوم و سه‌نعا و ته‌رابلوس و دۆحه‌ و ڕیاز و زه‌هران و جه‌دده‌ وکوه‌یت و مه‌نامه‌ و مه‌سقه‌ت و ئه‌بو زه‌بی و دوبه‌ی هه‌تا شه‌ممه‌ی داهاتوو به‌ داخراوی ده‌مێنـنه‌وه‌.
کاربه‌ده‌سـتانی ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌فته‌ی ڕابردووه‌وه‌ بڕیاری داخسـتنی ئه‌م شوێنه‌ دیپـلۆماسـیانه‌یان دا له‌گه‌ڵ ئاگادارکردنه‌وه‌ی هاوڵاتیـیانی ئه‌مه‌ریکایی له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان له‌ مه‌ترسی ڕوودانی هێرشی تێرۆرسـتی.