سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردسـتان ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌ڵوێسته‌کانی سه‌باره‌ت به‌ کوردی سوریا ده‌گرێت

سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردسـتانی عێراق ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ به‌یانـنامه‌یه‌کی بڵاوکرده‌وه‌ و تیایدا ڕه‌خنه‌ له‌و ده‌زگای ڕاگه‌یاندن و سیاسیـیانه‌ گرتووه‌ که‌ گوتویانه‌ حکومه‌تی هه‌رێم پشـتی له‌ کوردانی سوریا کردووه‌.
ئومێد سه‌باح گوته‌بێژی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم له‌ به‌یانـنامه‌که‌یدا ده‌ڵێت میدیاکان و ژماره‌یه‌ک که‌سانی سیاسی لێـکدانه‌وه‌ی نادروست له‌ باره‌ی ڕه‌وشی سیاسی کوردانی سوریا به‌ هاوڵاتیان ده‌گه‌یه‌نن. ده‌ڵێت ئه‌وانه‌ فرمێسـکی تیمساح ده‌ڕێژن و ڕای گشتی چه‌واشه‌ ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه‌ سنووره‌کان کراوه‌ن‌ و بڕۆن به‌رگری له‌ کوردی سوریا بکه‌ن.
پاشان داوای له‌ کوردی سوریا کرد خۆیان بڵێن حکومه‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌رێمی کوردسـتان چی بۆ ئه‌وان کردووه‌. ده‌شڵێت هه‌رێم له‌ هاوکاریکردنیان به‌رده‌وام ده‌بێت.
هه‌روه‌ها به‌ شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ ڕه‌خنه‌ی له‌ پارتی یه‌کێتی دیموکراتیکی کوردی سوریا گرت و گوتی پاوانی هه‌موو شتێـکی له‌ ناوچه‌ کوردیـیه‌کانی سوریا کردووه‌ و تاکڕه‌وی ده‌کات و ڕێگه‌ به‌ لایه‌نه‌ سیاسیـیه‌کانی دیکه‌ نادات له‌ به‌ڕێوه‌بردن و به‌رگریکردن له‌و ناوچانه‌ به‌شـداری بکه‌ن. ده‌ڵێت ئه‌مانه‌ به‌ پـێچه‌وانه‌ی ڕێـکه‌وتنی سیاسی نێوان لایه‌نه‌کانه‌.

ده‌قی ڕاگه‌یاندنه‌که‌که‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردسـتانی عێراق
ماوەی چەند ڕۆژە لە میدیاكان و لێدوانی ژمارەیەك سیاسیی موزایەدەیەكی زۆر لەسەر بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان دەبینرێت و لێكدانەوەی نادروست لەبارەی ڕەوشی سیاسیی ڕۆژئاوای كوردستان دەرخواردی هاووڵاتیان دەدرێت. بەر لە هەموو شتێك بە گشت لایەك دەڵێین با گەلی خۆمان لە ڕۆژئاوای كوردستان بكەین بە حەكەم كە بە فیعلی و بە كردەوە حكوومەت و ئیدارەی هەرێمی كوردستان چۆن و چییان بۆ ڕۆژئاوا كردووە و بە دڵنیاییەوە هەر بەمشێوەیەش لە هاوكاریكردنی میللەتی خۆمان لە ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوام دەبین. چونكە یارمەتیدانی گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان بە ئەركێكی مرۆڤی و نەتەوەیی سەرشانمان دەزانین. لە هەمانكاتدا پێویستە ڕێگە بە هەموو هێز و لایەنە سیاسییە كوردییەكانی ڕۆژئاوا بدرێت كە لە بەڕێوەبردن و بەرگریكردن لە گەلی كوردستان لە ڕۆژئاوا بەشدار بن نەك ئەوەی بە تەنیا هێزێك پاوانی هەموو شتێك بكات و ڕێگر بێت لە بەشداریكردنی لایەنەكان سیاسییە كوردییەكانی دیكە تەنانەت بۆ بەرگریكردن لە میللەتی كوردستان لە ڕۆژئاوا. چونكە ئەو پاوانخوازی و تاكڕۆییە پێچەوانەی هەموو ڕێككەوتنی سیاسیی نێوان لایەنەكانە.

لەگەڵئەوەیشدا بەپێویستی دەزانین ئەوەیش بۆ خەڵكی سەربەرزی كوردستان ڕوون بكەینەوە كە ئەوانەی فرمێسكی تیمساح دەڕێژن و لەمەڕ بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان و بەرگریكردن لە گەلی كورد لە ڕۆژئاوا موزایەدە دەكەن و لە هەمانكاتیشدا هەندێك لەوانە هەموو پێداویستیی ئەو بەرگریكردنەیان لەبەر دەست دایە با بفەرموون ئەوە سنوورەكان كراوەیە و بچن لەسەر ئەرزی واقع بەرگری لە گەلەكەمان لە ڕۆژئاوا بكەن ئەو كات بۆ خەڵكی كوردستان دەردەكەوێ كە موزایەدەكانیان چەندە یارییەكی بێبەهای سیاسییە و پڕیەتی لە چەواشەكردنی ڕای گشتی.
د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
7ـی 8ـی 2013