به‌رنامه‌ی له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا: کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد و کوردی ڕۆژئاوا

زۆرێک له‌ سیاسه‌تمه‌داران و چالاکوانان له‌وبڕوایه‌دان داخستنی سنوری ڕۆژئاوای کوردستان له‌گه‌ڵ کار و ئه‌رکه‌کانی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ییدا یه‌ک ناگرێته‌وه‌.
هه‌ندێکیش له‌و بڕوایه‌دان له‌وانه‌یه‌ ئه‌و کۆنگره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ بۆ مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردن به‌کار بهێنرێت.

کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی بڕیاره‌ ڕۆژی 24 ی ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌ببرێت هه‌رچه‌نده وه‌ک ده‌گوترێت ڕه‌وشه‌که‌ ‌ژینگه‌یه‌کی ئاسایی سیاسی نییه‌.

عه‌لی که‌ریم


کورد له‌ سوریادا ڕووبه‌ڕووی هێرشه‌ تێرۆرکاریه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق و جه‌بهه‌تولنوسره‌ بۆته‌وه‌ و هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ ئاماژه‌ به‌ کوشتنی نزیکه‌ی 500 خه‌ڵکی سیڤیڵی کورد ده‌که‌ن له‌و هێرشانه‌ی تێرۆرکاراندا، هه‌رچه‌نده‌ ڕاپۆرتی پشتڕاستنه‌کراوه‌ هه‌ن ده‌ڵێن ژماره‌ی قوربانیانی کورد له‌ شه‌ڕه‌کانی ئه‌م دواییه‌دا یه‌ک هه‌زار که‌سی تێپه‌ڕاندووه‌.

ئه‌م شه‌ڕانه‌ له‌ ده‌مێکدایه‌ ده‌گوترێت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ باشور ده‌رگای به‌سه‌ر سنوره‌کانی ڕۆژئاوادا داخستووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی باشور ده‌ڵێن سنور دانه‌خراوه‌ بۆ کۆمه‌که‌ مرۆڤایه‌تیه‌کان.
لێره‌دا پێویسته‌ ژماره‌یه‌ک پرسیار بکرێن ، ئایا له‌و کۆنگره‌ چاوه‌ڕوانکراوه‌دا چ بابه‌تێک ده‌بێته‌ ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی کۆنگره‌که‌؟ چۆن ده‌توانرێت هاوڕایی نه‌ته‌وه‌یی بێته‌ ئاراوه‌ له‌ ده‌مێکدا هێشتاش ئه‌قڵیه‌تی پاوانخوازیی و سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌ له‌ ناو هه‌ندێک له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی کوردستاندا و کار به‌ پره‌نسیپێکی ناڕاسته‌وخۆیانه‌ی یه‌کتر سڕینه‌وه‌ ده‌کرێت؟


خالید سوله‌یمان

زۆرێک له‌ سیاسه‌توانانی کورد ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن ڕه‌وشی کوردی سوریا کاریگه‌رییه‌کی ڕاسته‌وخۆی ده‌بێت به‌سه‌ر ژینگه‌ی کۆنگره‌که‌وه‌ ئه‌گه‌ر کرا، ئه‌مه‌ بێ له‌وه‌ی هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ پێشنیاز هه‌ن تا ئه‌و کۆنگره‌یه‌ هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌ ئێستا نه‌کرێت و دوابخرێت بۆ پاش هه‌ڵبژاردنه‌ گشتیه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق.

له‌ به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی (له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا) به‌ڵێن ساڵح له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مریکا بابه‌تی کاریگه‌ریه‌کانی دۆزی کورد له‌ سوریادا له‌سه‌ر کۆنگره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ ده‌خاته‌ به‌ر باس له‌گه‌ڵ میوانه‌کانیدا:

عه‌لی که‌ریم، سه‌رۆکی ئه‌نستیتۆی کوردستان بۆ مافه‌کانی مرۆڤ
خالید سوله‌یمان، نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان


زانیاری زیاتر له‌ ده‌قی به‌رنامه‌که‌دایه‌:

Your browser doesn’t support HTML5

له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا 8 ی هه‌شتی ساڵی 2013