ڕووسیا له‌گه‌ڵ پـرۆژه‌ بڕیاره‌که‌ی به‌ریتانیا سه‌باره‌ت به‌ سوریا نیـیه‌

پـێنج ئه‌ندامه‌ هه‌میشه‌یـیه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ڕێکنه‌که‌وتن له‌سه‌ر پـرۆژه‌ بڕیارێـکی به‌ریتانیا که‌ تیایدا ڕێگه‌ به‌ به‌کارهێنانی هێزی له‌شـکری له‌ دژی سوریا ده‌دات.
به‌پـێی دیپـلۆماتێـکی ڕۆژئاوایی که‌ نه‌یویستووه‌ ناوی ئاشـکرابکرێت، به‌ ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی ئه‌سۆشیه‌تد پـرێسی گوتووه‌، پاش ئه‌وه‌ی نوێنه‌رانی ئه‌و وڵاتانه‌ بۆ چه‌ند کاژمێرێـک له‌ باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان کۆبوونه‌وه‌، پـرۆژه‌ بڕیاره‌که‌ بۆ حکومه‌ته‌کانیان گه‌ڕایه‌وه‌ تاوه‌کو ڕاوێژکاری له‌سه‌ر بکه‌ن. گوتی ڕووسیا دووباره‌ی کردووه‌ته‌وه‌ ئه‌و له‌گه‌ڵ ده‌سـتێوه‌ردانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ قه‌یرانی سوریادا نیـیه‌.
نوێنه‌ری ئه‌مه‌ریکا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان سه‌مانثا پاوه‌ر و نوێنه‌ری به‌ریتانیا مارک لیه‌ڵ گرانت له‌ کاتی هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌یان له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ هیچ لێـدوانێـکیان بۆ په‌یامنێران نه‌دا.
ئه‌گه‌ربێت و پـرۆژه‌ بڕیاره‌که‌ بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌، ئه‌وا زۆر شیانی هه‌یه‌ ڕووسیا و چین ڤیتۆی بکه‌ن، هه‌روه‌ک چۆن له‌ ڕابردوودا ئه‌و پـرۆژه‌ بڕیارانه‌یان ڤیتۆکردبوو که‌ له‌ دژی ڕژێمی به‌شـار ئه‌سه‌د پـێشنیارکرابوون.
به‌ریتانیا چوارشه‌ممه‌ پـێشـنیاری بڕیاره‌که‌ی کرد له‌ کاتێـکدا له‌ نێو هاوپه‌یمانانی ڕۆژئاوادا ده‌نگی کاردانه‌وه‌ی له‌شـکری له‌ به‌رامبه‌ر سوریا به‌رزبووته‌وه‌. کاربه‌ده‌سـتانی ئه‌مه‌ریکا، له‌وانه‌ جێـگری سه‌رۆک جۆ بایدن، حکومه‌تی ئه‌سه‌دی به‌ به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیاوی تاوانبارکرد.
گوته‌بێژێـکی ده‌یڤد کامیرۆن سه‌رۆک وه‌زیری به‌ریتانیا له‌ له‌نده‌ن گوتی به‌ریتانیا له‌ پـرۆژه‌ بڕیاره‌که‌ داوای کردووه‌ له‌ ژێر به‌ندی حه‌وتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کاندا هه‌موو ڕێوشوێنێـکی پـێویست بگیرێته‌به‌ر بۆ پاراسـتنی خه‌ڵـکی سیڤیل له‌ چه‌کی کیمیاوی.
به‌ندی حه‌وت ڕێگه‌ به‌ به‌کارهێنانی هێزی له‌شـکری ده‌دات بۆ جێبه‌جێـکردنی بڕیارێـک که‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌وه‌ په‌سه‌ند ده‌کرێت.
وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا هێشـتا به‌ڵـگه‌یه‌کی وه‌های نه‌خسـتووه‌ته‌ ڕوو یه‌کلای بکاته‌وه‌ هێزه‌کانی به‌شـار ئه‌سه‌د چه‌کی کیمیاویـیان به‌کارهێناوه‌، هه‌روه‌ها لێـکۆڵه‌ره‌وانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانیش هێشتا پـشـتڕاستیان نه‌کردووه‌ته‌وه‌.