له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا: ئه‌گه‌ره‌کانی شه‌ڕی سوریا

پێده‌چێت ڕۆژئاوا هێرش بکاته‌ سه‌ر سوریا وه‌ک سزادانێک به‌رامبه‌ر به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیایی.

هه‌ر پێنج ئه‌ندامه‌ هه‌میشه‌ییه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌ کۆبوونه‌وه‌ نافه‌رمیه‌که‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌یاندا نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌نجام له‌سه‌ر لێدانی سوریا.

شیکه‌ره‌وه‌ له‌وبڕوایه‌دان ئه‌گه‌ریش له‌ سوریا بدرێت به‌ مه‌به‌ستی هێنانه‌ ئارای هاوسه‌نگی هێزه‌ له‌ نێوان هێزه‌کانی به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د و هێزه‌ چه‌کداریه‌کانی سه‌رهه‌ڵداوانی سوریادا.

کاریگه‌ریه‌کانی ئه‌و هێرشه‌ چه‌ند ده‌بێت له‌ ناوچه‌که‌دا؟

ئێران هه‌ڕه‌شه‌ ده‌کات، به‌ڵام ئایا تاران ده‌توانێت چی بکات؟

عێراق بارێکی توندوتۆڵی ئاسایشی ڕاده‌گه‌یه‌نێت له‌ ده‌می ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێکدا بۆ سه‌ر سوریا.

ئه‌ی تورکیا چ ڕۆڵێکی ده‌بێت له‌ ده‌می گۆڕانکاری هاوکێشه‌کاندا؟

ئه‌م هێرشه‌ ئه‌گه‌ر کرا پێویسته‌ کورد چۆن سه‌ودای له‌گه‌ڵدا بکات؟

ژماره‌یه‌ک پرسیاری تریش به‌ڵێن ساڵح له‌ به‌رنامه‌ی (له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا) له‌گه‌ڵ میوانه‌کانیدا باسیان ده‌کات.

میوانه‌کانی به‌رنامه‌ی (له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا) :

دکتۆر سه‌ردار قادر ، پسپۆڕی زانسته‌ سیاسیه‌کان له‌ زانکۆی سلێمانی
موسته‌فا مه‌عروفی، نوسه‌ر و لێکۆڵه‌ر.


ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د سه‌رۆکی سوریا گوتوویه‌تی له‌ ده‌می ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێکدا سوریا به‌رگری له‌ خۆی ده‌کات به‌رامبه‌ر هه‌ر جۆره‌ هێرشێک بکرێته‌ سه‌ری له‌لایه‌ن وڵاتانی ڕۆژئاواوه‌.

وڵاتانی ناوچه‌که‌ و جیهانیش هه‌ر یه‌که‌ و به‌ شێوه‌یه‌ک کاردانه‌وه‌ی خۆی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر شیانه‌کانی هێرشکردنه‌ سه‌ر سوریا.

ئیسرائیل:

پۆلیسی ئیسرائیل ده‌ڵێت هه‌زاران که‌س له‌ ده‌وری بنکه‌کانی دابه‌شکردنی ده‌مامکه‌کانی خۆپاراستن له‌ هێرشی کیمیایی کۆبوونه‌ته‌وه‌ وه‌ک خۆئاماده‌کردنێک بۆ ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێکی کیمیایی سوریا بۆسه‌ر ئیسرائیل.

ته‌لئه‌ڤیڤ داوای هێزی یه‌ده‌کی سه‌ربازی کردووه‌ و هه‌روه‌هاش دانانی یه‌که‌کانی موشه‌کی به‌رگری وه‌ک خۆئاماده‌کردنێک بۆ هه‌ر په‌رچه‌کردارێکی سوریاییه‌کان به‌رامبه‌ر هێرشی ڕۆژئاوا.

لوبنان:

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لوبنان ده‌ڵێت هه‌ر کرده‌یه‌کی له‌شکریی نێونه‌ته‌وه‌یی دژی سوریا ده‌بێته‌ مایه‌ی مه‌ترسیه‌کی ڕژد و گه‌وره‌ بۆ سه‌ر باری ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌که‌دا و به‌ تایبه‌تیش له‌ لوبنان.
عه‌دنان مه‌نسور ده‌ڵێت ئه‌گه‌ری ئه‌و هێرشه‌ی به‌ مه‌به‌ستی سزادانی سوریایه‌ به‌بێ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌ هێرشێکی ڕاسته‌وخۆ داده‌نرێت بۆسه‌ر سوریا.

عێراق:

نوری ئه‌لمالیکی سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق ده‌ڵێت له‌ ده‌می هه‌ر هێرشیک بۆسه‌ر سوریا بارێکی ئاست به‌رزی ئاسایشی له‌ وڵاته‌که‌دا ڕاده‌گه‌یه‌ندرێت.

تورکیا:

کاربه‌ده‌ستان له‌ ئانکه‌ره‌ ده‌ڵێن تورکیا له‌ باری ئاگاهیدایه‌ به‌هۆی شیانی هێرشی سوریا بۆسه‌ر وڵاته‌که‌ و هه‌ر بۆیه‌شه‌ که‌وتۆته‌ عه‌مبارکردنی خوارده‌مه‌نی و ده‌مامکه‌کانی خۆپاراستن له‌ هێرشی کیمیایی له‌ ناوچه‌ هاو سنوریه‌کانیدا له‌گه‌ڵ سوریادا.



نێوه‌ندی کاروباری قه‌یرانه‌کان له‌ حکومه‌تی تورکیا ده‌ڵێت کاربه‌ده‌ستان له‌ 7 ناوچه‌ی هاوسنور له‌گه‌ڵ سوریادا شوێنی تایبه‌تیان ته‌رخانکردوه‌ بۆ پاراستنی دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌.

کۆماری ئیسلامی ئێران:

حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆکی نوێی ئێران له‌ په‌یوه‌ندیه‌کی ته‌له‌فونیدا له‌گه‌ڵ ڤلادیمیر پوتن سه‌رۆکی ڕوسیادا گوتوویه‌تی تاران هه‌وڵی چڕ و پڕ ده‌دات بۆ ڕێگه‌ گرتن له‌ هێرشی له‌شکریی بۆ سه‌ر سوریا.

ڕۆحانی ده‌ڵێت له‌ ئاکامی هه‌ر هێرشێکی ڕۆژئاوا بۆسه‌ر سوریا، ناوچه‌که‌ باجێکی گه‌وره‌ ده‌دات هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌وڵه‌کان بخرێنه‌ گه‌ڕ تا ڕێگه‌ نه‌درێت ئه‌و هێرشه‌ بکرێت.

میسر :

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی میسر ده‌ڵێت قاهیره‌ به‌ توندی دژی به‌کارهێنانی له‌شکره‌ به‌رامبه‌ر سوریا و ده‌شڵێت هه‌رگیز پشتیوانی له‌و هێرشه‌ ناکات که‌ شیانی هه‌یه‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی بیکه‌نه‌ سه‌ر سوریا.
نه‌بیل فه‌همی ده‌ڵێت میسر دژی به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیاییه‌ له‌ قه‌یرانی سوریادا و داواش ده‌کات پاش ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌کانی ده‌سته‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، ئه‌وجا ئه‌وانه‌ی ئه‌و هێرشه‌یان کردووه‌ بدرێنه‌ دادگا.


ڕوسیا:

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا داوای له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان کردووه‌ تا به‌رده‌وام بێت له‌ پشکنینه‌کانی ئه‌و شوێنانه‌ی وه‌ک ده‌ڵێت که‌ له‌وانه‌یه‌ چه‌کی کیمیایی تیادا به‌کارهێنرابێت.
پێشتر بان کی موون ، سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان گوتوویه‌تی ڕۆژی هه‌ینی ئه‌رکی پشکنه‌رانی یو ئێن ڕۆژی هه‌ینی ته‌واو ده‌بێت و ڕۆژی شه‌ممه‌ش پشکنه‌ران سوریا جێده‌هێڵن.

ئه‌ڵمانیا:

ئه‌نجامه‌کانی ڕاوه‌رگرتنێکی گشتی نیشانی ده‌دات زۆرینه‌ی ئه‌ڵمانیاییه‌کان دژی هێرشی له‌شکریی ڕۆژئاوان بۆ سه‌ر سوریا و ناشیانه‌وێت وڵاته‌که‌یان پشتیوانی هیچ هێرشێک بکات به‌ سه‌رکردایه‌تی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا.

فه‌ڕه‌نسا :

وه‌زاره‌تی به‌رگری فه‌ڕه‌نسا ده‌ڵێت له‌شکری فه‌ڕه‌نسا ئاماده‌یه‌ بۆ ئۆپه‌راسیۆنی له‌شکریی دژی سوریا ئه‌گه‌ر فرانسوا ئۆڵاند بڕیاری لێدا، به‌ڵام پاش کۆبونه‌وه‌که‌ی به‌ڕێز ئۆڵاند له‌گه‌ڵ ئۆپزسیۆنی سوریادا هیچ باسی له‌ ئه‌گه‌ری هێرشکردنه‌ سه‌ر سوریای نه‌کرد.



به‌ریتانیا:

ڕێبه‌رانی به‌ریتانیا ده‌ڵێن به‌پێی پره‌نسیپه‌ مرۆڤایه‌تیه‌کان، هێرشی له‌شکریی بۆسه‌ر سوریا کارێکی یاساییه‌ ته‌نانه‌ت به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان.
ئۆفیسی سه‌ره‌ک وه‌زیری به‌ریتانیا ده‌ڵێت مه‌رجه‌ یاساییه‌کان هه‌ن بۆ هێرشی له‌شکریی بۆ سه‌ر سوریا به‌هۆی وه‌ک ده‌گوترێت ئه‌و هێرشه‌ کیمیاییه‌ی کراوه‌ته‌ سه‌ر خه‌ڵکی سیڤیڵ له‌ ده‌وروبه‌ری دیمه‌شق.

زانیاری زیاتر له‌ ده‌قی به‌رنامه‌که‌دایه‌:

Your browser doesn’t support HTML5

له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا 29 ی هه‌شتی ساڵی 2013