ڕووسیا و فه‌ڕه‌نسـا کارده‌که‌ن بۆ کۆنترۆڵکردنی چه‌که‌ کیمیاویـیه‌کانی سوریا

ڕووسیا و فه‌ڕه‌نسـا له‌سه‌ر پـلانی جیاواز کارده‌که‌ن بۆ دانانی چه‌که‌ کیمیاویـیه‌کانی سوریا له‌ ژێر چاودێری نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌و پـێشـنیارانه‌ی کراون بۆ ڕێـگه‌گرتن له‌ به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیاوی له‌ شه‌ڕی ناوخۆی سوریا له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌نجام‌نه‌دانی گورزی له‌شـکری ئه‌مه‌ریکا له‌ دژی ئه‌و وڵاته‌.
سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا ڕۆژی سێشه‌ممه‌ گوتی کاربه‌ده‌سـتان پـێـکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سوریا ئاماده‌کاری ده‌که‌ن بۆ پـلانێـکی تۆکمه‌ و پـێشـبینی ده‌کرێت پـرۆژه‌ پـلانه‌که‌یان به‌م زووانه‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌می وڵاتانی دیکه‌.
سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا براک ئۆباما پـلانه‌که‌ی ڕووسیای به‌ پـێشـهاته‌یه‌کی باش ناودێرکرد، به‌ڵام جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ به‌بێ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌شـکری ئه‌مه‌‌ به‌دی نایه‌ت.
له‌ پاریسیش، لۆران فابیۆس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسـا گوتی وڵاته‌که‌ی به‌ نیازه‌ پـرۆژه‌ بڕیارێـک بخاته‌ به‌رده‌می ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان که‌ تیایدا داوا له‌ حکومه‌تی سوریا بکرێت به‌رنامه‌ی چه‌که‌ کیمیاویـیه‌کانی ئاشـکرا بکات و چه‌که‌ کیمیاویـیه‌کانی ڕاده‌سـتی کۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی بکات. گوتیشی له‌ پـرۆژه‌ بڕیاره‌که‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کرێت ئه‌گه‌ربێت و سوریا پابه‌ندی بڕیاره‌که‌ نه‌بێت، ئه‌وا دووچاری ئاکامی گه‌وره‌ ده‌بێت.
هه‌تا ئێسـتا ڕووسیا و چین سێ جار له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش پـرۆژه‌ بڕیاریان ڤیتۆکردووه‌ که‌ تیایاندا هه‌ڵوێست له‌ دژی ڕژێمی ئه‌سه‌د وه‌رگیرابوو.