کاریگه‌ری داخسـتنی به‌شێـکی داموده‌زگاکانی حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکا به‌سه‌ر بازاڕه‌کانی ئاسیادا

له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی هه‌واڵی داخسـتنی به‌شێـکی داموده‌زگاکانی حکومه‌تی فیدراڵی ئه‌مه‌ریکا بازاڕه‌کانی دراو و سه‌همه‌کان له‌ باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا جموجۆڵێـکی نائاسایی تێـکه‌وت.
ستیڤن هێرمه‌م په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌ بانکۆکی پایته‌ختی تایلاند ڕاپـۆرتی له‌م باره‌یه‌وه‌ ناردووه‌، ده‌ڵێت:
ئه‌وانه‌ی له‌ بازاڕه‌کانی ئاڵوگۆڕی دراو و سه‌هم له‌ وڵاتانی باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا کارده‌که‌ن، ده‌ڵێن هه‌واڵی داخسـتنی به‌شـێـکی داموده‌زگاکانی حکومه‌تی فیدراڵی ئه‌مه‌ریکا بۆ یه‌که‌م جار له‌ پاش 17 سـاڵدا، هه‌ر له‌ زووه‌وه‌ وایکرد به‌های سه‌هه‌مه‌کان له‌ بازاڕه‌کانی تۆکیۆ زیابکه‌ن و نیشـانه‌ی نیکای نزیکه‌ی 29 خاڵ به‌رز بـبێته‌وه‌، واته‌ به‌ ڕێژه‌ی له‌ سه‌دا 5 زیاکردووه‌.
له‌ کۆریای باشوریش نیشـانه‌ی سه‌همه‌کانی له‌سه‌دا 0.1 زیاکردووه‌، به‌ڵام بازاڕه‌کانی دراو و سه‌همه‌کان له‌ هۆنک کۆنگ و چین به‌هۆی پـشوو داخراون.
ماسامیچی ئاداچی ئابوری‌ناس‌ له‌ جه‌ی پی مۆرگان له‌ تۆکیۆ ده‌ڵێت سه‌رمایه‌داران پـێشتر پـێشبینیـیان ده‌کرد به‌شێـکی داموده‌زگاکانی حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکا دابخرێن.
ده‌شڵێت " ئه‌گه‌ر بێت و درێژه‌ بکێشێت و بگاته‌ دوو هه‌فته یان له‌و ده‌ورانه‌‌، ئه‌وا بێ گومان ئاکامی نه‌رێنی ده‌بێت. وه‌‌ ئێمه‌ زیاتر له‌ باره‌ی ئاستی توانای حکومه‌تی فیدراڵی ئه‌مه‌ریکا بۆ قه‌رزکردن‌ نیگه‌رانین که‌ له‌گه‌ڵیدا که‌موکوڕی له‌ خه‌زێنه‌که‌یدا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش کاریگه‌ریـیه‌کی خراپی به‌سه‌ر بازاڕه‌کانی دراودا ده‌بێت."
وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌مه‌ریکا هۆشـداری داوه‌ که‌وا حکومه‌ت له‌ مانگی ده‌دا ده‌سه‌ڵاتی نامێنێت چیتر پاره‌ قه‌رزبکات. ده‌بێت کۆنگرس کار بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاسـتی توانای حکومه‌ت بۆ قه‌رزکردن بکات به‌ر له‌وه‌ی خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت پاره‌ی تیادا نه‌مێنێت.