هێشتا کۆشـکی سـپی و کۆنگرس به‌ ڕێـکه‌وتنێـک له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی بوجه‌ نه‌گه‌یشـتوون

کۆشـکی سـپی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت هێشـتا هیچ ڕێـکه‌وتنێـک له‌گه‌ڵ کۆماریـیه‌کان له‌ کۆنگرس به‌ده‌سـت نه‌هێنراوه‌ بۆ کۆتایی هێنان به‌ بنبه‌سـتی سـیاسی له‌ باره‌ی دابینکردنی بوجه‌ بۆ حکومه‌تی فیدراڵی وڵات و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی توانای حکومه‌ت بۆ قه‌رزه‌کردن، به‌ڵام هه‌ردوو لایه‌نی دیموکرات و کۆماری کۆکن له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌ وتووێژه‌کانیان له‌م باره‌یه‌وه‌.
سه‌رۆک ئۆبامای دیموکرات پاش سـازدانی کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ کۆماریـیه‌کانی ئه‌نجومه‌نی سینات له‌ ڕۆژی هه‌ینی، به‌ ته‌له‌فون قسه‌ی له‌گه‌ڵ جان به‌ینه‌ری کۆماری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران کرد.
کۆشـکی سـپی و ئۆفیسی جان به‌ینه‌ر ڕایانگه‌یاند که‌ هه‌ردوو لایان واته‌ سه‌رۆک ئۆباما و جان به‌ینه‌ر ڕێـکه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پـێویسـته‌ پـێکه‌وه‌ درێژه‌ به‌ وتووێژه‌کانیان بده‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێـگه‌ چاره‌یه‌ک بۆ داخسـتنی نیمچه‌یی داموده‌زگاکانی حکومه‌ت.
جێی ئاماژه‌یه‌ هه‌ریه‌ک له‌ سه‌رۆک ئۆباما و جان به‌ینه‌ر درکاندنی ورده‌کاری تایبه‌تی مه‌سه‌له‌که‌ ڕه‌تده‌که‌نه‌وه‌ و ناڵێن ئایه‌ وتووێژ له‌سه‌ر چی ده‌که‌ن له‌و ده‌مه‌ی هه‌وڵ ده‌ده‌ن کۆتایی بهێنن به‌م داخسـتنی به‌شـێکی داموده‌زگاکانی حکومه‌تی فیدراڵی که‌ له‌ 1ی مانگی ده‌وه‌ ده‌سـتیـپـکردووه‌.