حکومه‌تی فلپین داکۆکی له‌ هه‌وڵه‌کانی خۆی بۆ به‌هاناچوونی لێقه‌وماوانی زریانی هایا‌ن ده‌کات

حکومه‌تی فلپین داکۆکی له‌ هه‌وڵه‌کانی خۆی کرد بۆ به‌هاناچوونی لێقه‌وماوانی زریانی هایا‌ن، له‌ کاتێـکدا هێشتا ژماره‌یه‌کی زۆری‌ لێقه‌وماوانی ئاکامی زریانه‌ کوشنده‌که‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو هاوکاری که‌میان پێگه‌یشتووه‌ یان هه‌ر هیچیان بۆ ڕه‌وانه‌ نه‌کراوه‌.
وه‌زیری ناوخۆ مار ڕۆکساس ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ شاری تاکلۆبان گوتی له‌ ڕه‌وشێکی وه‌هادا هێچ شتێک وه‌ک پێویست خێرا نابێت. گوتیشی پێداویستییه‌کان زۆرن و ده‌بێت به‌ خێرایی ئه‌نجام بدرێن و ناشتوانرێت ده‌ستڕابگات به‌ هه‌موو که‌سێک.
به‌ڕێوه‌به‌ری کاروباری به‌ هاناچوونی لێقه‌وماوان، ئێدواردۆ دێل ڕۆساریۆ، ئه‌مڕۆ هه‌ینی به‌ په‌یامنێرانی ڕاگه‌یاند ژماره‌ی قوربانیان گه‌یشتووه‌ته‌ 3،621 که‌س.
هاوکات هێزی ده‌ریایی ئه‌مه‌ریکا له‌ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ده‌ستی کرد به‌ ئۆپه‌راسیۆنێکی گه‌وره‌ی به‌هاناچوون.
که‌شـتی فڕۆکه‌ هه‌ڵگری ئه‌مه‌ریکا USS George Washington له‌گه‌ڵ 7 که‌شتی دیکه‌ گه‌یشـته‌ فلپـین تاوه‌کو به‌شـداری بکه‌ن له‌ هه‌وڵه‌کانی فریاکه‌وتن و به‌هاناچوونی لێقه‌وماوانی ئاکامی زریانه‌ به‌هێزه‌که‌ی هه‌ینی ڕابردوو.
هێزی حه‌وتی ده‌ریایی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت که‌شتیـیه‌کانی 21 هه‌لیکۆپـته‌ریان له‌سه‌ره‌ و بڕیاره‌ به‌کاریان بهێنن بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی زیانه‌کان و گه‌یاندنی پـێداویستیـیه‌ گرنگه‌کان بۆ ناوچه‌ دورده‌سـته‌کانی به‌هۆی زریانی هایانه‌وه‌ زیانیان پـێـگه‌یشـتووه‌.
هه‌روه‌ها که‌شتیـیه‌ فڕۆکه‌ هه‌ڵگره‌که‌، نه‌خۆشـخانه‌یه‌کی تێدایه‌ له‌گه‌ڵ کارگه‌یه‌ک که‌ ده‌توانێت ڕۆژانه‌ 1.5 ملیۆن لتر ئاوی خاوێن به‌رهه‌م بهێنێت.