به‌هۆی دوو ته‌قینه‌وه‌ له‌ به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ لوبنان 23 که‌س ده‌کوژرێن

دوو ته‌قینه‌وه‌ له‌ به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ به‌یرووتی پایته‌ختی لوبنان بوونه‌‌ مایه‌ی کوژرانی به‌ لانی که‌م 23 که‌س و برینداربوونی 146 که‌سی دیکه‌. یه‌ک له‌ کوژراوه‌کان به‌رپـرسی کاروباری ڕۆشنبیری باڵیۆزخانه‌که‌ بووه‌‌.
کاربه‌ده‌سـتێـکی ئاسایشی لوبنان به‌ ئاژانسی ئه‌سۆشیه‌تد پـرێسی گوت، نیوه‌ڕۆی سێشه‌ممه‌ خۆکوژێـک به‌سه‌ر ماتۆرسکیلێـکه‌وه‌ که‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌کرێت 2 کیلۆگرام ته‌قه‌مه‌نی پـێبووبێت، خۆی به‌ ده‌روازه‌ی سه‌ره‌کی باڵیۆزخانه‌که‌ ته‌قاندووه‌ته‌وه‌ و پاش که‌متر له‌ دوو خوله‌ک ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو که‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌کرێت 50 کیلۆگرام ته‌قه‌مه‌نی تیادابووبێت له‌ دوری نزیکه‌ی 10 مه‌تر ته‌قیوه‌ته‌وه‌.
غه‌زه‌نفه‌ر ڕوکن‌ئابادی باڵیۆزی ئێران بۆ لوبنان پـشـتڕاستی کرده‌وه‌ ئیبراهیم ئه‌نساری به‌رپـرسی کاروباری ڕۆشنبیری باڵیۆزخانه‌که‌ له‌ نێو کوژراوه‌کاندایه‌.
کۆمه‌ڵێـکی سه‌ر به‌ ئه‌لقاعیده‌ که‌ خۆی به‌ که‌تائیب عه‌بدوڵڵا عه‌زام ده‌ناسێنێت، به‌رپرسیارێتی خۆی له‌ هێرشه‌که‌ ڕاگه‌یاند.
شێخ سراجه‌دین زرێقات ڕابه‌ری ئاینی کۆمه‌ڵه‌که‌ له‌سه‌ر تویته‌ر ئه‌مه‌ی ڕاگه‌یاند‌ و گوتویه‌تی هه‌ردوو ته‌قینه‌وه‌که‌ خۆکوژی بوون‌ که‌ دوو که‌سی سووننه‌ی لوبنان ئه‌نجامیان دابوو‌. پاشـان ئاماژه‌ی کرد به‌وه‌ی هێرشه‌کانیان به‌رده‌وام ده‌بن هه‌تا ئه‌و ده‌مه‌ی چه‌کدارانی حزبوڵڵا له‌ سوریا ده‌کشێنه‌وه‌ و ده‌سـتگیرکراوه‌کانیان له‌ زیندانه‌کانی لوبنان ئازاد ده‌کرێن.
کاربه‌ده‌سـتانی ئاسایشی لوبنان پشـتڕاستیان کردووه‌‌ هه‌ردوو هێرشه‌که‌ خۆکوژی بوون.
جێی ئاماژه‌یه‌ باڵیۆزخانه‌که‌ ده‌که‌وێته‌ ناوچه‌ی جه‌ناح له‌ باشوری به‌یرووت که‌ له‌وێ حزبوڵڵای لوبنان به‌هێزه‌.

ئاکامی هه‌ردوو ته‌قینه‌وه‌که‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی به‌یرووت