به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتن: ڕه‌وشی که‌رکوک

هێرشه‌که‌ی ڕۆژ چوارشه‌ممه‌ی سه‌ر باره‌گای هه‌واڵکری له‌ شاری که‌رکوک زه‌نگێـکی ترسناک بوو بۆ دانیشـتوانی ئه‌و شـاره‌ که‌وا تێرۆرستان بتوانن به‌ ڕۆژی ڕووناک هێرشێـکی له‌و جۆره‌ ئه‌نجام بده‌ن.
پـرسیار زۆرن که‌ بۆ که‌رکوک؟ بۆ له‌ پاش به‌غدا و موسڵ زۆرترین هێرشی تێرۆرسـتی لێ ده‌کرێت؟ ئه‌گه‌ر بوونی دوو ده‌زگای ئاسایشی کوردی له‌ شـاره‌که‌دا یه‌ک له‌ خاڵه‌ لاوازه‌کانی نێو سیسته‌می ئاسایشی شـاره‌که‌دا بێت، چ میکانیزمێک بگیرێته‌به‌ر بۆ یه‌کخستنی ئه‌م دوو ده‌زگایه‌؟
لایه‌نه‌ کوردیـیه‌کانیش نائارامیـیه‌کانی که‌رکوک ده‌خه‌نه‌ ئه‌سـتۆی حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق و به‌ تایبه‌تی هێزی دیجله‌، ئه‌وه‌ی سه‌رۆک وه‌زیر نوری ئه‌لمالیکی ڕایسپاردووه‌ به‌رپـرسیارێتی ئاسایشی ناوچه‌ی که‌رکوک له‌ ئه‌ستۆ بگرێت. کاربه‌ده‌سـتانی کورد ده‌ڵێن زۆربه‌ی ئه‌و تێرۆرسـتانه‌ له‌ ناوچه‌کانی ژێر چاودێری هێزی دیجله‌ خۆیان به‌ شـاره‌که‌دا ده‌که‌ن.
به‌ڵام ڕاستیه‌کیش ئه‌وه‌یه‌ پـێـکهاته‌ی دانیشـتوانی که‌رکوک له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و ئاین و ئاینزاکانی عێراقی تێدایه‌ و له‌ چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی به‌ڕێوه‌بردنی شـاره‌که‌ ناکۆکن.
له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو نائارامیـیانه‌، به‌ڵام زۆرێـک له‌ دانیشـتوانی شـاره‌که‌ باس له‌ به‌ره‌و پـێش چوونی شـاره‌که‌ ده‌که‌ن له‌ ڕووی ئاوه‌دانی و پاک‌وخاوێنیـیه‌وه‌ و خزمه‌تگوزاریـیه‌کانه‌وه‌. بۆیه‌ خوازیارن ئه‌م هێرشانه‌ نه‌بنه‌ مایه‌ی ڕاگرتنی بوژاندنه‌وه‌ی شـاره‌که‌یان.
ئه‌مه‌ بابه‌تی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتنی ئه‌م هه‌ینیـیه‌ بوو که‌ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ی برد و ئه‌م به‌ڕێزانه‌ میوانه‌کان بوون:
ئه‌حمه‌د عه‌سکه‌ری به‌رپـرسی کۆمیته‌ی ئاسایشی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک.
عه‌دنان که‌رکوکی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی گه‌رمیان و که‌رکوکی پارتی دیموکراتی کوردسـتانی عێراق.

Your browser doesn’t support HTML5

به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتن