به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتن: ململانێی که‌رکوک و هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتووی عێراق

بڕیاره‌ له‌ 30 مانگی چواری سـاڵی داهاتوو پـرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌بچێت.
چاوه‌ڕوان‌ده‌کرێت له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا پـێشـبڕکێـیه‌کی توند له‌ نێوان لایه‌نه‌ ڕکابه‌ره‌کان ڕووبدات، ئه‌مه‌ش به‌هۆی زیادبوونی ناکۆکی و گرژیـیه‌کانی نێوانیان.
له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی پـێشـوو پـێشـبڕکێـکه‌ زیاتر له‌ نێوان پـێـکهاته‌ سه‌ره‌کیـیه‌کانی وه‌ک شیعه‌ و سووننه‌ و کورد بوو، به‌ڵام وه‌ها پـێده‌چێت ئه‌م جاره‌ پـێشـبڕکێـکه‌ نێو خودی پـێـکهاته‌کانیش بگرێته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر ئاوڕێـک له‌ پـێـکهاته‌ی کورد بده‌ینه‌وه‌، ده‌بینین یه‌کێتی نیشـتیمانی کوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان که‌ هه‌تا دوێنێ یه‌ک حزب بوون وا ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌ ڕکابه‌ری سه‌رسه‌ختی یه‌کتر. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ پارتی دیموکراتی کوردسـتان و یه‌کێتی نیشـتیمانی که‌ ڕێـکه‌وتنـنامه‌ی سـتراتیژیـیان له‌ نێودایه‌، وا ئه‌مڕۆ به‌هۆی ناکۆکی نێوانیان یه‌ک لیستی کوردی له‌ که‌رکوک هه‌ڵوه‌شـایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمانه‌ له‌ پارێزگای دیکه‌ کار بۆ یه‌ک لیستی ده‌که‌ن.
لێره‌دا کۆمه‌ڵێـک پـرسیار گه‌ڵاڵه‌ ده‌بن، ئایا بارودۆخی ناوچه‌که‌ به‌ شه‌ڕی ناوخۆی سوریا و کاریگه‌ری وڵاتانی دیکه‌ی دراوسێی عێراق هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌م گرژیـیانه‌ن؟ .. هه‌ڵقوڵانی په‌رله‌مانێـکی نوێی عێراق له‌ نێوه‌ندی ئه‌م ناکۆکیـیانه‌ ڕه‌وشی وڵاته‌که‌ هێنده‌ی دیکه‌ به‌ره‌و خراپـتر نابات؟ چاره‌نووسی ناوچه‌ جێ ناکۆکه‌کان به‌چی ده‌گاته‌وه‌؟
ئه‌مه‌ بابه‌تی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتنی ئه‌م هه‌ینیـیه‌ بوو که‌ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ی برد و ئه‌م به‌ڕێزانه‌ میوانه‌کان بوون:
ئوسامه‌ جه‌میل، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیسـتی یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردسـتان.
دکتۆر ڕێواس فائق، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردسـتان له‌سه‌ر لیسـتی یه‌کێتی نیشـتیمانی کوردسـتان.

Your browser doesn’t support HTML5

به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتن