هه‌له‌و واشنتن: کاریگه‌ری ڕه‌وشی نائارامی عێراق به‌سه‌ر کوردسـتاندا

له‌ پاش هێرشه‌که‌ی مانگی چواری سـاڵی ڕابردووی هێزه‌کانی حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق بۆ سه‌ر شوێنی مانگرتووانی سووننه‌ی شـارۆچکه‌ی حویجه‌ی باشوری که‌رکوک، سه‌رله‌نوێ جارێـکی دیکه‌ توندوتیژیـیه‌ ئاینزایـیه‌کان له‌ عێراق ڕوویان له‌ زیادبوون کرده‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ک له‌وه‌تای سـاڵی 2008 وه‌ وڵاته‌که‌ خوێنڕشتنی وه‌های به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌.
هه‌رچه‌نده‌ حکومه‌تی عێراق ئه‌و مانگرتووانه‌ی حه‌ویجه‌ی به‌ یاخیبوو و لایه‌نگری کۆمه‌ڵه‌ چه‌کداره‌کان تاوانبارکرد، به‌ڵام زۆر لایه‌نی عێراقی و به‌ تایبه‌تی سووننه‌کان ئه‌و تۆمه‌ته‌یان ڕه‌ت‌کرده‌وه‌ و سه‌رۆک وه‌زیر نوری ئه‌لمالیکیـیان به‌ به‌رپـرسیاری یه‌که‌می قه‌یرانی ئاکامی هێرشه‌که‌ دانا.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شـدا نوری ئه‌لمالیکی له‌سه‌ر ڕێبازه‌که‌ی سووربوو و ئه‌وه‌تا له‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ فه‌رمانی به‌ هێزه‌کانی دا کۆتایی به‌ مانگرتنی شـاری ڕه‌مادی ناوه‌ندی پارێزگای ئه‌نباریش بهێنن. ئه‌م هێرشه‌ هێنده‌ی دیکه‌ ڕه‌وشه‌که‌ی به‌ره‌و ئاڵۆزبوونی زیاتر بردووه‌ و له‌ ئێسـتادا سه‌خته‌ پـێشـبینی بکرێت ئاکامه‌که‌ی چی ده‌بێت؟.
پـرسیارێـکیش لێره‌دا گه‌ڵاڵه‌ ده‌بێت، ئه‌ویش مالیکی بۆ سیناریۆکه‌ی حویجه‌ی له‌ ڕه‌مادی دووبارکردووه‌؟ ئایا بۆ نه‌هێشـتنی کۆمه‌ڵه‌ چه‌کداره‌کانی سه‌ر به‌ ئه‌لقاعیده‌یه‌ له‌ ڕۆژئاوای وڵاته‌که‌‌، یان به‌شێـکه‌ له‌ هه‌وڵه‌کانی بۆ به‌ده‌سـتهێنانی سه‌رکه‌وتن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوودا که‌ بڕیاره‌ له‌ کۆتایی مانگی چوار سـازبکرێت؟
له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ هه‌رێمی کوردسـتانیش وه‌ک به‌شـێـک له‌م وڵاته‌ زۆر یان که‌م، ئه‌م نائارامیـیانه‌ی ناوه‌ڕاستی عێراق کاریگه‌ری به‌سه‌ریدا ده‌بێت چ له‌ ڕووی ئاسایشی، سیاسی و ئابوریـیه‌وه‌.
ئه‌مه‌ بابه‌تی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتنی ئه‌م هه‌ینیـیه‌ بوو که‌ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ی برد و هه‌ردوو ڕۆژنامه‌وان و شاره‌زای کاروباری عێراق، له‌تیف فاتح فه‌ره‌ج و شیروان شه‌میرانی میوانه‌کان بوون.

Your browser doesn’t support HTML5

به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتن