ته‌قینه‌وه‌ی چه‌ند بۆمبێـک له‌ بازاڕێـکی به‌غدا کوژرانی 5 که‌سی لێده‌که‌وێته‌وه‌

کاربه‌ده‌ستانی عێراقی ده‌ڵێن له‌ ئاکامی ژماره‌یه‌ک ته‌قینه‌وه‌ی یه‌ک به‌دوای یه‌کدا له‌ بازاڕیکی به‌غدای پایته‌خت به‌لانی که‌م 5 که‌س کوژراون

ئه‌فسه‌رێکی پۆلیس به‌ ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌سیۆشێتد پرێسی گوتووه‌ دووان له‌ بۆمبه‌کان له‌ ناو جل و به‌رگ دانرابوونه‌وه‌ له‌ بازاڕی ئه‌لعه‌ره‌بی‌ له‌ به‌غدا و له‌م ته‌قینه‌وانه‌ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 5 شه‌ممه‌ نزیکه‌ی 15 که‌سیش بریندارن.

کارمه‌ندێکی ته‌ندروستی ژماره‌ی زیانه‌ گیانیه‌کانی پشتڕاست کردۆته‌وه‌.

هه‌ردوو کاربه‌ده‌ست به‌و مه‌رجه‌ قسه‌یان بۆ ئاژانسه‌که‌ کردووه‌ که‌ ناویان نه‌هێرێت، چونکه‌ ڕێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ لێدوان بۆ ئاژانسه‌کانی هه‌واڵ بده‌ن.

شوێنه‌ گشتیه‌کانی وه‌ک چایخانه‌کان و ڕێستۆرانته‌کان و مزگه‌وت و بازاڕه‌کان ئامانجه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی توندڕه‌وانن له‌ عێراق به‌مه‌به‌ستی بنکۆڵکردنی هه‌وڵه‌کانی حکومه‌تی عێراق بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاته‌که‌.
ته‌قینه‌وه‌کانی ئه‌مڕۆ 5 شه‌ممه‌ هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی له‌شکری عێراق و هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌کانی له‌ عه‌شره‌ته‌کانی سوننه‌کان دژی توندڕه‌وانی داعش و تۆڕه‌ تێرۆرکاریه‌کانی تری په‌یوه‌ندییان به‌ ئه‌لقاعیده‌وه‌ هه‌یه‌.
توندڕه‌وان له‌ مانگی 12 ه‌وه‌ ده‌ستیان گرتووه‌ به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ک ناوچه‌دا له‌ پارێزگای ئه‌نبار له‌ ڕۆژئاوای عێراق.