میسر ڕێگه‌ به‌ به‌رپـرسـانی پارته‌که‌ی موباره‌ک نادات خۆیان بۆ‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی وڵاته‌که‌ کاندیدبکه‌ن

دادگایه‌کی میسر قه‌ده‌غه‌ی کردووه‌ به‌رپـرسـانی حزبی ده‌سه‌ڵاتداری سه‌رده‌می حوسنی موباره‌ک که‌ له‌ مانگی چواری سـاڵی 2011 وه‌ هه‌ڵوه‌شـاوه‌ته‌وه‌ خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان کاندیدبکه‌ن.
دادگای قاهیره‌ بۆ کاروباری به‌ په‌له‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ بڕیاری دا که‌وا به‌رپـرسـانی حزبی نیشـتیمانی دیموکراتی، که‌ موباره‌ک ڕێبه‌رایه‌تی ده‌کرد، ناتوانن خۆیان بۆ هیچ کام له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی و په‌رله‌مانی و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و شاره‌کان کاندیدبکه‌ن.
ئه‌م بڕیاره‌ له‌ کاتێـکدا دراوه‌ وڵاته‌که‌ خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی ئاماده‌ ده‌کات که‌ چاوه‌ڕوان‌ده‌کرێت له‌ 26 و 27 ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌بچێت. سه‌رۆکی پـێشـووی له‌شـکر عه‌بدولفه‌تاح ئه‌لسیسی، ئه‌وه‌ی محه‌مه‌د مورسی له‌ سه‌رۆکایه‌تی لادا، وا ئێسـتا خۆی بۆ سه‌رکه‌وتن له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ئاماده‌ده‌کات.