ئه‌مه‌ریکایـیه‌ک له‌ سوریا ته‌قینه‌وه‌یه‌کی خۆکوژی ئه‌نجام ده‌دات

کاربه‌ده‌سـتانی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێن که‌سێـکی ئه‌مه‌ریکایی له‌م هه‌فته‌یه‌دا ته‌قینه‌وه‌یه‌کی خۆکوژی له‌ سوریا ئه‌نجامداوه‌ بۆ کۆمه‌ڵی ناسراو به‌ جه‌بهه‌ت ئه‌لنوسره‌ی سه‌ر به‌ ئه‌لقاعیده‌.
ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ئه‌لنوسره‌ له‌ چه‌ند نووسینێـکیدا له‌سه‌ر تویته‌ر ناوی ئه‌و خۆکوژه‌ی به‌ ئه‌بو هوره‌یره‌ی ئه‌مه‌ریکایی ناودێرکرد و گوتی ته‌قینه‌وه‌ به‌هێزه‌که‌ی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی ڕابردووی ئه‌نجام داوه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌ی جه‌به‌ل ئه‌ربه‌عین له‌ نزیک شـاری ئه‌ریحای پارێزگای ئیدلیب کرایه‌ سه‌ر بنکه‌یه‌کی له‌شـکری سوریا. ده‌ڵێن ته‌قینه‌وه‌که‌ 17 تۆن ته‌قه‌مه‌نی بووه‌.
هه‌روه‌ها له‌ چه‌ند ماڵپه‌ڕێـک وێنه‌یه‌کیان بڵاوکردۆته‌وه‌ که‌ کوڕێـکی چاو و قژ کاڵ دیاره‌ و پـشیله‌یه‌کی له‌ باوه‌ش گرتووه‌. له‌ وێنه‌یه‌کی دیکه‌ به‌ دانیشتن ده‌رکه‌وتووه‌ و وه‌ها پـێده‌چێت بۆمبی له‌خۆی به‌سـتبێت.
هه‌روه‌ها ڤیدیۆک بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ که‌ تیایدا ماشێنێـک پـڕ له‌ ته‌قه‌مه‌نی ده‌کرێت و پاشـان ته‌قینه‌وه‌یه‌ک نیشـان ده‌درێت، ده‌ڵێن ئه‌و خۆکوژه‌ ئه‌نجامی داوه‌.
هه‌تا ئێسـتا کاربه‌ده‌سـتانی ئه‌مه‌ریکایی ناسـنامه‌ی ئه‌و که‌سه‌یان ڕانه‌گه‌یاندووه‌، ده‌ڵێن هێشـتا له‌ لێـکۆڵینه‌وه‌کانیان به‌رده‌وامن.