ئه‌ڵمانیا به‌شی هێزێـکی 4 هه‌زار پـێشـمه‌رگه‌یی چه‌ک و پـێداویسـتی له‌شـکری ڕه‌اونه‌ی کوردسـتان ده‌کات

ئوزلا ڤه‌ن دێر لاین وه‌زیری به‌رگری و فرانک ڤالتێر شتاینمایه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ له‌ کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌ش له‌ به‌رلین، شه‌وی یه‌کشه‌ممه‌ 31 ی هه‌شتی 2014

حکومه‌تی ئه‌ڵمانیا بڕیاری دا چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی و پـێداویسـتی له‌شـکری بۆ هه‌رێمی کوردسـتانی عێراق ڕه‌وانه‌ بکات که‌ به‌شی هێزێـکی 4 هه‌زار پـێشـمه‌رگه‌یی ده‌کات.

شه‌وی یه‌کشه‌ممه‌ به‌ کاتی به‌رلین، حکومه‌تی ئه‌ڵمانیا کۆبوونه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تی به‌ست به‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نگێلا مێرکڵ و تیایدا تاووتوێی هه‌ڕه‌شه‌کانی داعش و چۆنیه‌تی یارمه‌تیدانی هه‌رێمی کوردسـتان کرا. له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ بڕیارێـکی مێژوویی درا، ئه‌ویش بۆ یه‌که‌م جار له‌ پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه‌ حکومه‌تێـکی ئه‌ڵمانی بڕیاری دا چه‌ک ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌یه‌ک بکرێت که‌ شه‌ڕی تێدایه‌.

پاش کۆبوونه‌وه‌که‌، کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌ش بۆ هه‌ریه‌ک له‌ ئوزلا ڤه‌ن دێر لاین وه‌زیری به‌رگری و فرانک ڤالتێر شتاینمایه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ سـازکرا.

خانم ئوزلا گوتی ڕه‌وشی عێراق زۆر له‌ مه‌ترسیدایه‌ به‌هۆی تاوانه‌ دڕنده‌کانی گۆمه‌ڵی ناسراو به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام (داعش)، بۆیه‌ ئه‌رکی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیـیه‌ پشـتگیری له‌وانه‌ بکات که‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌و سته‌مکارانه‌ ده‌بنه‌وه‌. پاشـان گوتی کاروانی یه‌که‌می کۆمه‌که‌ له‌شـکریـیه‌ هه‌تا کۆتایی مانگی نۆ ده‌گات که‌ به‌شی هێزێـکی 4 هه‌زار جه‌نگاوه‌ری ده‌کات. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد دوو کاروانی دیکه‌ش به‌پـێی پـێویست ئه‌وانیش ڕه‌وانه‌ ده‌کرێن.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز شتاینمایه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ گوتی ناکرێت له‌ به‌رده‌م ئه‌وه‌ی له‌ عێراقدا ڕووده‌دات هه‌روا ده‌سته‌وه‌سـتان بوه‌ستین و سه‌یر بکه‌ین، چونکه‌ داعش نه‌ک هه‌ر ته‌نها جێی مه‌ترسیـیه‌ بۆ عێراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ری، به‌ڵکو بۆ ئه‌وروپا و ئه‌ڵمانیاش.

به‌پـێی ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی ئه‌ڵمانیا dpa ، به‌رلین به‌نیازه‌ به‌ به‌های 70 ملیۆن یورۆ (92 ملیۆن دۆلار) چه‌ک و پـێداویسـتی دیکه‌ی له‌شـکری بۆ هه‌رێمی کوردسـتانی عێراق ڕه‌وانه‌ بکات. چه‌که‌کان بریتی ده‌بن له‌ 30 دژه‌ تانکی جۆری میلان له‌گه‌ڵ 500 موشه‌کی چه‌که‌که‌ و40 دۆشکه‌ و 8 هه‌زار پارچه‌ چه‌ک و ده‌مانچه‌ و بۆمبی ده‌سـتی و له‌گه‌ڵیدا گولـله‌به‌ن و کڵاوی سه‌ربازی و ئامێری دۆزینه‌وه‌ی مین و دوربینی شه‌و و چادر و ته‌نانه‌ت ئامێری چێشت لێنانیش بۆ به‌ره‌کانی جه‌نگ.

جگه‌ له‌م یارمه‌تیـیه‌ له‌شـکریـیانه‌، ئه‌ڵمانیا به‌ به‌های 50 ملیۆن یورۆ کۆمه‌کی مرۆییش ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی کوردسـتانی عێراق ده‌کات.

ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی ڕۆیته‌رز ده‌ڵێت له‌ ئێسـتادا ئه‌ڵمانیا بارێـک گولـله‌به‌ن و کڵاوی سه‌ربازی بۆ هه‌رێم ناردووه‌. هه‌روه‌ها 6 ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازی ئه‌ڵمانی گه‌یشـتوونه‌ته‌ کونسوڵخانه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌ولێر تاوه‌کو له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌سـتانی هه‌رێم هه‌ماهه‌نگی بۆ گه‌یاندنی کۆمه‌که‌کان بکه‌ن.

جێی ئاماژه‌یه‌ ئه‌ڵمانیا ترسێکی ڕژدی هه‌یه‌ له‌وه‌ی داعش له‌ پاشه‌ ڕۆژدا بـبێته‌ مایه‌ی مه‌ترسی بۆ سه‌ر وڵاته‌که‌ی، ئه‌مه‌ش له‌ پاش ئه‌و ڕاپـۆرتانه‌ی له‌ لایه‌ن ده‌زگای موخابه‌راتی ئه‌ڵمانیاوه‌ بڵاوکراونه‌ته‌وه‌ که‌ ده‌ڵێن نزیکه‌ی 400 که‌سی ئه‌ڵمانی په‌یوه‌ندیـیان به‌ داعشه‌وه‌ کردووه‌ و به‌ڵگه‌ش هه‌ن که‌ هه‌ر له‌م مانگانه‌ی دواییدا 5 له‌و ئه‌ڵمانیـیانه‌ هێرشی خۆکوژیـیان بۆ داعش ئه‌نجامداوه‌.