بۆسنیا 16 که‌س به‌ تاوانی په‌یوه‌ندی به‌ داعشه‌وه‌ ده‌سـتگیرده‌کات

پـۆلیسی بۆسنیا 16 که‌سی ده‌سـتگیرکردووه‌ به‌ تاوانی چالاکی تێرۆرسـتی و په‌یداکردنی خه‌ڵـکی بۆ داعش و ڕه‌وانه‌کردنیان بۆ سوریا و عێراق.

ده‌زگای لێـکۆڵینه‌وه‌ و پاراسـتنی ده‌وڵه‌تی بۆسنیا (SIPA) ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ به‌یانـنامه‌یه‌کدا ڕایگه‌یاند هێزه‌کانی پـۆلیس له‌ 17 هه‌ڵمه‌تیاندا له‌ سه‌رانسه‌ری وڵات ئه‌م که‌سانه‌یان ده‌سـتگیرکردووه‌.

ئه‌مه‌ یه‌که‌م جاره‌ هێزه‌کانی ئاسایشی بۆسـنیا هه‌ڵمه‌تێـکی له‌و جۆره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له‌وه‌تای له‌ مانگی چواره‌وه‌ یاسایه‌ک ده‌رچووه‌ که‌ تیایدا هاتووه‌، هه‌ر که‌سێـک له‌ شه‌ڕێـکی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتدا به‌شـداری بکات یان که‌سانێـک بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ په‌یدا بکات، ئه‌وا هه‌تا 10 سـاڵ حوکمی زیندانی ده‌درێت.

پـێده‌چێت ئامانجی حکومه‌تی بۆسنیا له‌م هه‌ڵمه‌تانه‌، دانانی سنوورێـک بێت بۆ ئه‌و گه‌نجانه‌ی به‌ره‌و وه‌هابیـیه‌ت براون به‌ تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ گوندنشینه‌کان، له‌وه‌ی ڕه‌وانه‌ی سوریا و عێراق بکرێن و شه‌ڕ بۆ داعش بکه‌ن.

مه‌زه‌نده‌ ده‌کرێت سه‌دان بۆسـنی بۆ سوریا ڕه‌وانه‌کرابن و ڕاپـۆرت هه‌ن باس له‌وه‌ ده‌که‌ن له‌ ئه‌مسـاڵدا ژماره‌یه‌کیان بۆ عێراقیش ڕۆیشـتوون.

ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی ناو بۆسنیا ده‌ڵێن ڕاپـۆرتیان پـێـگه‌یشـتووه‌ باس له‌ کوژرانی ده‌یان گه‌نجی بۆسـنی له‌ سوریا و عێراق ده‌که‌ن، له‌وانه‌ یه‌کێـکیان له‌ مانگی هه‌شت به‌ هێرشێـکی خۆکوژی گیانی له‌ده‌سـتداوه‌