هه‌له‌و واشنتن: کۆمه‌کی نێوده‌وڵه‌تی له‌ دژی داعش و ناکۆکی عێراقیـیه‌کان

له‌ کاتێـکدا کۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی به‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مه‌ریکا هه‌وڵ ده‌دات بۆ پـێـکهێنانی هاوپه‌یمانێتیـیه‌ک له‌ دژی داعش، ده‌بینین له‌ ناو عێراقدا له‌ بری ئه‌وه‌ی کار بکرێت بۆ یه‌کڕیزی هێزه‌کان له‌ به‌رامبه‌ری، لێدوانی جۆراوجۆر له‌ لایه‌ن به‌رپـرسانه‌وه‌ ده‌درێن که‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی گرژی و ناکۆکی و نیگه‌رانی خه‌ڵکی.

دوایـنیان، ئه‌و لێدوانه‌ی هادی ئه‌لعامری سه‌رۆکی ڕێـکخراوی به‌در بوو که‌ له‌ میانه‌ی کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیـیه‌که‌ی له‌گه‌ڵ پارێزگاری که‌رکوک نه‌جمه‌دین که‌ریم، گوتی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک جێی قبوڵ نیـیه‌ هێزه‌کانی پـێشـمه‌رگه‌ به‌ بێ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌غدا بێنه‌ ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمه‌وه‌.

ئه‌م لێـدوانه‌ی عامری له‌ کاتێـکدایه‌ که‌ هێشـتا ناوچه‌یه‌کی به‌رفراوانی وڵاته‌که‌ له‌ شـاری موسڵه‌وه‌ هه‌تا ده‌گاته‌ تکریت له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی چه‌کدارانی داعشدایه.

عامری به‌وه‌ش نه‌وه‌سـتا، به‌ڵکو دوای ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی لێی گیران له‌سه‌ر ئه‌و قسانه‌ی، لێدوانی دیکه‌شی توندئامێزی بۆ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاند دا، له‌وانه‌ وه‌زاره‌تی پـێشـمه‌رگه‌ی به‌ شـکسـتخواردوو له‌ قه‌ڵه‌م دا و پـێشمه‌رگه‌ی به‌ کارتۆن له‌ به‌رده‌م داعش ناودێرکرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بکات که‌ چۆن له‌شـکری عێراق له‌ موسڵ و شار و شارۆچکه‌کانی دیکه‌ هه‌ڵات و هه‌رچی چه‌که‌ قورس و نوێـیه‌کانی که‌ چه‌ندان ساڵه‌ له‌ پـێشمه‌رگه‌ی قه‌ده‌غه‌کردبوو بۆ چه‌کدارانی داعشی به‌جێهێشتن.

له‌ نێو ماڵی کوردیش، سه‌ره‌ڕای ئه‌و کاره‌سـاته‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵـکی شه‌نگاڵ هات که‌ له‌ ئاکامدا هاوسۆزیـیه‌کی نێوده‌وڵه‌تی بۆ کورد دروسـتکرد و ژماره‌یه‌ک له‌ وڵاتان بڕیاری یارمه‌تیدانی هێزه‌ کوردیـیه‌کانیان دا، ده‌بینرێت لایه‌نه‌کان ڕه‌خنه‌ و توانج له‌ یه‌کتر ده‌گرن و به‌ ئاشـکرایی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ هه‌ر حزبێـکیان هێزی خۆی هه‌یه‌.

پـرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ بۆ کاربه‌ده‌سـتانی باڵای عێراق ڕێگه‌ به‌م لێدوانانه‌ ده‌ده‌ن؟ به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی کوردسـتان که‌ له‌وه‌تای ڕژێمی دکتاتۆری پـێشـوو سه‌دام حسێن نه‌ماوه‌ ڕووبه‌ڕووی دوژمنێـکی وه‌ها مه‌ترسیدار نه‌بووه‌ته‌وه‌.

ئه‌مه‌ بابه‌تی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتنی ئه‌م هه‌ینیـیه‌ بوو که‌ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ی برد و میوانه‌کان ئه‌م به‌ڕێزانه‌ بوون:
ڕێبورا ته‌ها مسته‌فا، نوێنه‌ری که‌رکوک له‌ په‌رله‌مانی عێراق.
شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیسـتی پارتی دیموکراتی کوردسـتان.
تاریق جه‌وهه‌ر سارمه‌می، ڕاوێژکاری ڕاگه‌یاندن له‌ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردسـتانی عێراق.

Your browser doesn’t support HTML5

به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتن