کۆمکاری عه‌ره‌ب به‌ شه‌ڕی دژی داعش قایل ده‌بن

کۆمکاری عه‌ره‌ب ده‌ڵێت وڵاتانی ئه‌ندامی خۆی قایل بوون هه‌ر یه‌که‌یان به‌ جودا یان به‌ کۆمه‌ڵ شه‌ڕی داعش و هه‌ر کۆمه‌ڵێـکی چه‌کداری دیکه‌ له‌ هه‌رێمه‌که‌دا بکه‌ن.

بڕیاره‌که‌ که‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ده‌رچوو له‌ پاش کۆبوونه‌وه‌کانی شه‌وی ڕابردوو‌، به‌ ڕوونی پشـتیوانی له‌ کرده‌وه‌ی له‌شـکری ئه‌مه‌ریکایی له‌ دژی داعش ناکات.

جێی ئاماژه‌یه‌ سه‌رۆک ئۆباما خوازیاری پـێـکهێنانی هاوپه‌یمانێتیـیه‌کی نێوده‌وڵه‌تیـیه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش. چاوه‌ڕوان‌ده‌کرێت ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ پـلانی خۆی له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕابگه‌یه‌نێت.

به‌ڵام بڕیاره‌که‌ وه‌ک به‌یانـنامه‌یه‌کی جودا بڵاوکرایه‌وه‌ له‌و به‌یانـنامه‌ گشـتیـیه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ کاروباری عه‌ره‌به‌وه‌. له‌ به‌یانـنامه‌که‌دا هاتووه‌ ده‌سـتبه‌جی ڕێوشوێنی سیاسی و به‌رگری و ئاسایشی و یاسایی بۆ شه‌ڕی داعش بگیرێته‌به‌ر.

نه‌بیل عه‌ره‌بی سـکرتێری گشـتی کۆمکاری عه‌ره‌ب شه‌وی یه‌کشه‌ممه‌ بۆ‌ ڕۆژنامه‌وانانی ڕاگه‌یاند وڵاتانی ئه‌ندام بڕیاریان داوه‌ هه‌ر هێرشێـکی چه‌کداری بکرێته‌ سه‌ر هه‌ر کامێـکیان، ئه‌وا هێرشێـکه‌ بۆ سه‌ر هه‌موویان.