ئەندامانى شاندى دانوستانکارى لایەنە کوردیـیەکان لەگەڵ بەغدا کۆتایى هاتنى ئەرکەکانیان ڕادەگەیەنن، ئاماژە بەوە دەکەن دواى جەژن وەفدێکى بڕیار بەدەستى حکومەت سەردانى بەغدا دەکات بۆ دانوستان و ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنى پێکهێنەرى حکومەت.
زانا رۆستایى ئەندامى شاندى دانوستانکارى لایەنە کوردیـیەکان لەگەڵ بەغدا، کۆتایى هاتنى ئەرکەکانى شاندى دانوستانکارى بۆ دەنگى ئەمهریکا پشتڕاستکردەوە و جەختیکردەوە"دواى جەژن شاندى حکومەتى هەرێم سەردانى بەغدا دەکات بۆ دانوستان لەگەڵ حەیدەر عەبادى. "
زانا رۆستایى بە دەنگى ئەمهریکاى راگەیاند" بە ڕۆیشتنى شاندى حکومەتى هەرێم گۆڕانکارى ڕوودەدات و وەزیرە کوردەکان دەست بەکاردەبن".
بەوتەى ئەو ئەندامەى شاندى دانوستانکارى لایەنە کوردیەکان ، بەغدا ڕەزامەندى نیشانداوە لەسەر زیادکردنى ژمارەى وەزارەتەکانى کورد و ڕێککەوتن لەسەر کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا.
زانا ڕۆستایى وتیشى" بەغدا رەزامەندى نیشانداوە ژمارەى وەزارەتەکان لە سێ وەزارەتەوە بۆ پێنج وەزارەت زیاد بکات، هەروەها ئامادەیشى نیشانداوە بۆ ڕێککەوتن لەسەر بودجە و موچەى فەرمانبەران".
دواى سەردانەکەى سەلیم جبورى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بۆ لاى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم ، بارزانى ئامادەیى خۆى بۆ چوونە بەغدا بۆ رێککەوتن لەسەر کێشەکان راگەیاند.
عادل نورى ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران و ئەندامى شاندەکەى سەلیم جبورى کە سەردانى نێچیرڤان بارزانى یان کرد، دەڵێت"نێچیرەڤان بارزانى پێیڕاگەیاندوون ئەوان ئامادەن سەردانى بەغدا بکەن."
عادل نورى بە دەنگى ئەمهریکاى ڕاگەیاند"دواى جەژن شاندێکى بڕیار بەدەستى هەرێم دەڕواتە بەغدا و پێدەچێت نێچیرڤان بارزانى سەرۆکایەتى شاندەکە بکات".
ئەندامەکەى ئەنجومەنى نوێنەران ، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە وەکو لایەنى کوردى ههتا ئێستا لەگەڵ بەغدا ڕێکنەکەوتوون لەسەر ئەوەى چەند وەزارەت و کام وەزارەت وەردەگرن، بۆیە ناوى کاندیدەکانیان بۆ وەزارەتەکان پێشکەش نەکردووە.
عادل نورى وتى"سێ وەزارەت بۆ کورد زۆر کەمە ، لە کاتێکدا کە سووننەکان 9 پـۆستیان پێدراوە ، بۆیە شاندی کوردى دواى جەژن ئەمە یەکلایى دەکاتەوە".
ئامادەکارى شاندى حکومەتى هەرێم بۆ چوونە بەغدا و یەکلایى کردنەوەى پشکى کورد لە کابینەکەى حەیدەر عەبادى لە کاتێکدایە وەزیرەکانى لایەنە سووننى و شیعەکان دەستبەکاربوون و تەنها کورسیـیهکانی وەزیرە کوردەکان بە بەتاڵى ماونهتەوە.
Your browser doesn’t support HTML5