قوتابیان و خوێندكارانی كۆلێژەكانی پزیشكی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە یەك مانگە خوپێشاندان و ناڕەزایی بەرامبەر كردنەوەی كولێژی پزیشكی زانكۆی كوردستان له هەولێر دەردەبڕن و دژی كردنەوەی ئەو بەشەن، چونكە دەڵێن ناكرێت لە سەر حیسابی ئەوان ئەم بەشە بكرێتەوە، ئەوان بە نمرەیەكی زور بەرز لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان درێژە بە كۆلێژی پزیشكی دەدەن، بەڵام لەمەودوا لەگەڵ كردنەوەی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی كوردستان - هەولێر ئەو قوتابیانە سودمەند دەبن كە پارە بڕوانامەی كۆلێژی پزیشكی وەردەگرن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە ڕاگەیانراوێكدا پشتگیری لە هەر پرۆژەیەكی هاوبەشی نێوان زانكۆكانی ناوخۆ و زانكۆكانی نێودەوڵەتی پێشكەوتوو دەكات لە پێناو بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی.
لەم بارەیەوە دكتۆر سامان شاڵی بەڕێوەبەری تۆماركردنی زانكۆی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت دا بۆ دەنگی ئەمەریكای راگەیاند كەوا دەستێك لە پشت هاندانی قوتابیان و خوێندكارانی كۆلێژەكانی پزیشكی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، بویە بەم شێوەیە خوپێشاندان و ناڕەزایی دەردەبڕن، ناوبراو رایگەیاند كەوا كردنەوەی كۆلێژی پزیشكی لە زانكۆی كوردستان كاریگەریەكی زۆری لەسەر پێشخستنی كەرتی تەندروستی و پزیشكی لە هەرێمی كوردستاندا دەبێت.
هیشام هیرۆ یەكێك لە قوتابیانی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سەلاحەدین كە لە هەموو خوپێشاندانەكاندا دەبینرێت پێی وایە كردنەوەی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی كوردستان هەولێر بازرگانیكردنە بە مرۆڤایەتی و ئەگەر زانكۆی كوردستان سوور بێت لەسەر كردنەوەی بەشی پزیشكی ئەوان لە بنكەكانی تەندروستیش مانگ دەگرن و بەردەوام دەبن لە خوپێشاندان و دەركردنی بەیاننامەی ناڕەزایی دژی كردنەوەی ئەم بەشە لە زانكۆی كوردستان.
Your browser doesn’t support HTML5