هه‌له‌و واشنتن:‌ ئازادکردنی جه‌له‌ولا و سه‌عدیـیه‌

ئازادکردنی هه‌ردوو شاری جه‌له‌ولا و سه‌عدیـیه‌ له‌ ده‌سـتی چه‌کدارانی داعش جێی خۆشـحاڵی خه‌ڵـکی هه‌رێمی کوردسـتان بوو، به‌و پـێیه‌ی ئه‌و دوو شاره‌ ناکۆکی له‌سه‌ره‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا که‌ له‌ مێژه‌وه‌ دانیشـتوانه‌که‌ی له‌ مه‌ترسی و دڵه‌ڕاوکێدا ده‌ژین له‌ چنگی دڕنده‌ترین داگیرکه‌ر ڕزگارکران.

له‌ ئێسـتادا ته‌واوی سه‌عدیـیه‌ له‌ ژێر ده‌سـتی له‌شـکری عێراق و هێزه‌ شیعه‌کاندایه‌ و جه‌له‌ولاش به‌ هاوبه‌شی هێزه‌کانی پـێشمه‌رگه‌ و له‌شـکری عێراق و هێزی به‌در کۆنترۆڵکراوه‌‌، ئه‌مه‌ش خه‌ڵـکی نیگه‌ران کردووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ پاش ئه‌و هه‌واڵانه‌ی باس له‌ تاڵانکردن و وێرانکردنی ماڵ و حاڵی خه‌ڵکی له‌و دوو شاره‌دا ده‌کرێت. جگه‌ له‌وه‌ش چه‌ند گرژیـیه‌ک له‌ نێوان هێزی به‌در و خه‌ڵـکی که‌لار ڕوویانداوه‌.

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیری عێراق ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ به‌یانـنامه‌یه‌کی به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ ده‌رکرد و تیایدا پـیرۆزبایی کرد له‌ فه‌رمانده‌یه‌تی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی دیجله‌ و فیرقه‌ی پـێنجی له‌شـکری عێراق و هێزه‌ شیعه‌کانی که‌ به‌ " حه‌شد ئه‌لشه‌عبی" ناودێری ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ هێزی ئاسـمانیدا. سه‌رۆک وه‌زیری عێراق به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک باسی له‌ هێزه‌کانی پـێشـمه‌رگه‌ی نه‌کرد له‌ کاتێـکدا ڕۆڵێـکی سه‌ره‌کیـیان بینی بوو و به‌ ده‌یان قوربانیـیان له‌و پـێناوه‌دا دابوو.

پرسیار لێره‌دا:
ئایا ئازادکردنی جه‌له‌ولا و سه‌عدیـیه‌ به‌و شێوه‌یه‌ کارێـکی ڕاست بوو؟
مه‌ترسی نیـیه‌ گرژیـیه‌کانی به‌ لانی که‌م له‌ نێوان خه‌ڵـکی و هێزه‌ شیعه‌کانی وه‌کو به‌در ڕووداوی نه‌خوازراویان لێبکه‌ونه‌وه‌؟
ئێران هه‌تا چه‌ند ڕۆڵی له‌م کاره‌دا هه‌یه‌؟

ئه‌مه‌ بابه‌تی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتنی ئه‌م هه‌ینیـیه‌ بوو که‌ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ی برد و میوانه‌کان ئه‌م به‌ڕێزانه‌ بوون:
مسته‌فا چاوڕه‌ش، فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی و به‌رپـرسی مه‌ڵبه‌ندی پـێشـمه‌رگایه‌تی یه‌کێتی نیشـتیمانی کوردسـتان.
ئه‌کره‌م ساڵح، به‌رپـرسی لقی 22 گه‌رمیانی پارتی دیموکراتی کوردسـتان و ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی پارتی.

Your browser doesn’t support HTML5

به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتن