کامیرۆن له‌به‌ر مه‌ترسی داعش بۆ سه‌ر وڵاته‌که‌ی سێشه‌ممه‌ ده‌گاته‌ تورکیا

ده‌یڤد کامیرۆن سه‌رۆک وه‌زیری به‌ریتانیا ڕۆژی سێشه‌ممه‌ سه‌ردانی تورکیا ده‌کات بۆ وتووێژکردن له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ک له‌ ئه‌حمه‌د داوود ئۆغڵو ها‌وتا تورکه‌که‌ی و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆکی تورکیا سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی ڕێگه‌گرتن له‌و به‌ریتانیانه‌ی ده‌یانه‌وێت له‌ سنووری تورکیاوه‌ په‌یوه‌ندی به‌ داعشه‌وه‌ بکه‌ن له‌ سوریا و عێراق.

گوته‌بێژی کامیرۆن ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ی بۆ‌ په‌یامنێران ڕاگه‌یاند و گوتی به‌هۆی ڕووداوه‌کانی سوریا و عێراق و ناوچه‌که‌، سه‌رۆک وه‌زیر له‌ وتووێژکانیدا سه‌نگی ده‌خاته‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی نه‌هێشـتنی تێرۆر و به‌ تایبه‌تی گروپی داعش.

کاربه‌ده‌سـتانی به‌ریتانیا ده‌ڵێن ڕووبه‌ڕووی گه‌وره‌ترین مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌ویـیان بوونه‌ته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و به‌ریتانیانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ داعشه‌وه‌ ده‌که‌ن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وڵات و ڕه‌نگه‌ هێرشی تێرۆرسـتی ئه‌نجام بده‌ن.

جێی ئاماژه‌یه‌ زۆربه‌ی ئه‌و 500 که‌سه‌ به‌ریتانیـیه‌ی مه‌زه‌نده‌ده‌کرێت له‌ سوریا و عێراق په‌یوه‌ندیـیان به‌ داعشه‌وه‌ کردبێت له‌ ڕێگه‌ی تورکیاوه‌ ڕۆیشـتوون. سه‌رچاوه‌کانی زانیاری له‌ به‌ریتانیا ده‌ڵێن نزیکه‌ی نیوه‌یان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ریتانیا.