پـێشـمه‌رگه‌ ناحیـیه‌ی سنونێی نزیک شه‌نگال ئازاده‌کات

هێزه‌کانی پـێشـمه‌رگه‌ ڕۆژی هه‌ینی توانیان ناحیـیه‌ی سنونێی باکوری ڕۆژئاوای شاری شه‌نگال ئازادبکه‌ن.

ئه‌میر گۆران په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌ ناوچه‌ی موسڵ له‌ به‌رنامه‌کانی ڕاسته‌وخۆی ڕادیۆ له‌ کاژمێر 5 ی پاشنیوه‌ڕۆ به‌ کاتی کوردسـتان، گوتی پـێشـمه‌رگه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی فه‌رمی کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ی ناحیـیه‌ی سنونێـیان ڕاگه‌یاند. گوتیشی گومان هه‌یه‌ چه‌ند شوێنێـک له‌وێ بۆمبڕێژکرابن، بۆیه‌ به‌ وریایـیه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌که‌ ده‌کرێت.

هه‌روه‌ها هێزه‌کانی پێشـمه‌رگه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ کردووه‌ هیچ چه‌کدارێـکی داعش له‌ ناحیـیه‌که‌ نه‌ماوه‌ و ته‌نها چه‌ند ته‌رمێـک نه‌بێت که‌ له‌ شه‌ڕه‌کاندا کوژراون.

له‌ لایه‌کی دیکه‌ چه‌کدارانی داعش له‌ گوندی سه‌هلجی باکوری ڕۆژهه‌ڵاتی به‌نداوی موسڵ هێرشیان کردووه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی به‌نداوه‌که‌، به‌ڵام هێزه‌کانی پـێشـمه‌رگه‌ به‌ پاڵپـشـتی فڕۆکه‌ جه‌نگیـیه‌کانی هاوپه‌یمانان به‌ توندی وه‌ڵامیان داونه‌ته‌وه‌ و 19 چه‌کداریان لێکوشتوون که‌ ته‌رمه‌کانیان له‌ شوێنی شه‌ڕه‌که‌دا جێماون.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی ئه‌میر گۆران