وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق: ژمارەى ئاوارەکان گەیشتووەتە 2,460 ملیۆن کەس

وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى حکومەتى عێراق ، ئاشکرایدەکات ژمارەى ئەو خێزانانەى لە ناوچە جیاجیاکانى عێراق بەهۆى شەڕى داعشەوە ئاوارەبوون گەیشتووەتە 487 هەزار خێزان کە دەکاتە دوو ملیۆن و چوارسەد و شەست هەزار کەس و ئەم ژمارەیەش رۆژانە لە زیادبووندایە.

هەڵکشانى ژمارەى ئاوارەکانى عێراق لە کاتێکدایە ئاوارەکان بەهۆى سەرما و سۆڵەى زستانەوە لە بارودۆخێکى مرۆیى خراپدان و حکومەتى عێراقیش لە بودجەى ساڵى 2015 بڕى یەک تریلیۆن دینارى عێراقى بۆ ئاوارەکان تەرخانکردووە.

دکتۆر دەرباز محەمەد وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى حکومەتى عێراق، بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند"50% ى ئاوارەکانى عێراق ڕوویان لە هەرێمى کوردستان کردووە و 20% یشیان لەو ناوچە جێناکۆکانەن کە لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە ئیدارە دەدرێن."

هەرچەندە بەشێک لەناوچەکانى عێراق لە ژێر کۆنترۆڵى داعش دەرهێنراون و لەلایەن سوپاى عێراقەوە کۆنترۆڵکراونەتەوە ، بەڵام بەهۆى بۆمب رێژکردنى ئەو ناوچانە لەلایەن داعشەوە تا ئێستا دانیشتوانەکەیان نەگەراونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان.

وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، ئاماژە بەپلانى وەزارەتەکەى دەکات بۆ گێرانەوەى ئاوارەکان بۆ ناوچە ئازادکراوەکان ، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە تا پرۆسە سەربازیەکان لەو ناوچانە کۆتایى پێنەهێنرێت و دەستى خزمەتگوزاریان بۆ درێژ نەکرێتەوە ئاوارەکان ناگەرێنرێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان.

ئاوارەکانى عێراق لە پاڵ گرفتى دەروونى و کۆمەڵایەتى و ئەمنى دا کە بەهۆى شەڕى داعشەوە دووچارى بوون ، هاوکات لەڕووى ئابووریشەوە زەرەرمەند بوون و بەشێکى زۆریان ماڵ و حاڵیان لەدەستداوە و خانووەکانیشیان تەقێنراوەتەوە.

دەربارەى پلانى حکومەتى عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەى ئاوارەکان، دکتۆردەرباز محەمەد وتى"قەرەبووکردنەوەى ئاوارەکانى عێراق بودجەیەکى گەورەى دەوێت و هێشتا حکومەتى عێراق بڕیارێکى لەو شێوەیەى نەداوە".

بەردەوامى شەڕى داعش و دابەزینى نرخى نەوت و کێشە نێوخۆییەکان حکومەتى عێراقیان تووشى گرفتى گەورە کردووە، لە پاڵ ئەو گرفتانەشدا زۆرى ژمارەى ئاوارەکانیش هێندەى تر بارى سەر شانى حکومەتى قورستر کردووە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئه‌نوه‌ر