چەکدارانى گروپى دەوڵەتى ئیسلامى لە سێ قوڵەوە هێرشیان کردۆتە سەر پێشمەرگە و نزیکەى 15 پێشمەرگە بوونەتە قوربانى و دەیان چەکدارى داعشیش کوژراون.
بەرەبەیانى ئەمڕۆ چوارشهممه لە سنوورى میحوەرەکانى زوممار و تەلەعفەر و مەخمور چەکدارانى داعش هێرشیان کردە سەر هێزەکانى پێشمەرگە و شەڕى چڕى لە نێوانیان بەرپابوو لەم بارەیەوە و لە لێدوانێکى تایبەت دا بۆ دەنگى ئەمریکا ژەنەڕال کامل هەرکى ئەفسەر لە فەرماندەى دهۆکى پێشمەرگە باس لە هێرشەکانى ئەمڕۆى داعش دەکات و دەڵێت توانیویانە دەیان چەکدارى داعش بکوژن و 5 پێشمەرگەش گیانیان لهدهسـتداوه و نزیکەى 10 ى دیکەش برینداربوون .
لە سنورى قەزاى تەلەعفەرو لە نزیک کۆمەلگاى عوێنات دواى ئەوەى چەکدارانى داعش هێرشیان کردە سەر بازگەیەکى پێشمەرگە شەڕێکى چڕى 4 کاتژمێرى لە نێوان پێشمەرگە و داعش دەستیپێکرد. بەوتەى مستەفا شەرەفانى ئەفسەرى پێشمەرگە کەوا فڕۆکە جەنگیەکانى هاوپەیمانانیش بە چڕى بۆردومانى مۆڵگەکانى داعشیان دەکرد و بە وتەى ئەو تەواوى هێرشەکانى داعش تێکشکێندران و ژمارەیەک کوژراویان هەیە و زیاتر لە 10 تەرمى داعش کەوتوونهتە دەست پێشمەرگەوه.
لە میحوەرى مەخموریش لە نزیک گوندى مەلا عەبدوڵڵا دواى ئەوەى هێرشێکى داعش تێکشکێندرا و ژمارەیەکیشیان لێ کوژرا 8 چەکدارى داعش خۆیان ڕادەستى هێزەکانى پێشمەرگە کرد.
شایەنى باسە دواى کۆنترۆڵکردنەوەى زوممار و رەبیعە و بەشێکى ناوچەى شەنگال و بەتایبەتى رێگاى نێوان شەنگال و موسڵ وەکو کارەبەدەستانى پێشمەرگە دەڵێن تواناى داعش لەو ناوچەیە زۆر لاواز بووە.
Your browser doesn’t support HTML5