نه‌ته‌نیاهۆ سوره‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی وڵاته‌که‌ی دژ به‌ به‌رنامه‌ ناوکیه‌که‌ی ئێران

سه‌ره‌ک وه‌زیری ئیسرائیل ده‌ڵێت گه‌ر بانگهێشت بکرێت بۆ هه‌ر شوێنێک بێت، ده‌چێت بۆ قسه‌ کردن له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی وڵاته‌که‌ی به‌رامبه‌ر به‌رنامه‌ی ناوکی ئێران.

ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ی به‌نیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌ره‌ک وه‌زیری ئیسرائیل له‌ نێوه‌ندی ئه‌و جیاوازیانه‌دایه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌که‌ی سه‌رۆک ئۆبامادا له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئێران و به‌رنامه‌ ناوکیه‌که‌ی و هه‌روه‌هاش ئه‌و بانگهێشته‌ مشت و مڕه‌ی جۆن به‌ینه‌ر سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بۆ به‌ڕێز نه‌ته‌نیاهۆ تا وتارێک له‌سه‌ر ئه‌م دۆسێیه‌ پێشکه‌ش به‌ کۆنگرێس بکات.

به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌که‌ی سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت ئه‌و بانگێشتکردنه‌ پێشێلکاریه‌ له‌ پرۆتۆکۆله‌ دیپلۆماتیه‌کاندا و هه‌روه‌هاش ئاگاهی داوه‌ دژی سه‌پاندنی هه‌ر سزایه‌کی نوێ له‌سه‌ر ئێران.

وه‌هاش بڕیاره‌ ئه‌م وتاره‌ی سه‌ره‌ک وه‌زیری ئیسرائیل ته‌نها چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی سێی ئیسرائیل بێت.

له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کانی ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌یدا به‌نیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌ره‌ک وه‌زیری ئیسرائیل ده‌شڵێت ئه‌وه‌ ئه‌رکی خۆیه‌تی تا هه‌رچییه‌کی له‌ توانادا بێت بیکات بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ ئێران له‌وه‌ی ببێته‌ خاوه‌ن چه‌کی ناوکی.