له‌ قاهیره‌ ئیسلامیه‌کان هێرشێکی بۆمبی ده‌که‌نه‌ سه‌ر ئاسایش

ئاژانسی ده‌نگ و باسی میسر ده‌ڵێت له‌ ڕۆژهه‌لاتی قاهیره‌ بۆمبێک به‌ ده‌سته‌یه‌کی پۆلیسی چاودێریدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و پۆلیسێک کوژراوه‌ و 9 که‌سی تریشی بریندار کردووه‌ که‌ یه‌کێکیان که‌سێکی سیڤیڵه‌.

ڕێکخراوێکی ئیسلامی توندڕه‌و به‌رپرسیارێتی خۆی له‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ ڕاگه‌یاندووه‌ و ده‌شڵێت ئه‌و هێزه‌ی پۆلیس له‌ ڕێدا بوون بۆ بڵاوه‌پێکردنی خۆپیشاندانه‌کانی ئیسلامیه‌کان.

ئاژانسی ده‌نگ و باسی مینا له‌ ڕاپۆرته‌که‌یدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات ئه‌و هێرشه‌ بۆمبیه‌ له‌ ناوچه‌ی عه‌ینولشه‌مس بووه‌.

هێزه‌ ئاسایشیه‌کان چوارده‌وری ناوچه‌که‌یان گرتووه‌ و ڕێگه‌ی هات و چۆی ئۆتۆمبێلیان گۆڕیوه‌ و له‌ هه‌مان ده‌میشدا پسپۆڕ و شاره‌زای تایبه‌ت به‌ بۆمب ده‌ستیان کردووه‌ به‌ گه‌ڕان به‌شوێن بۆمبی تری چێنراودا.

ڕیکخراوی توندڕه‌وی ئه‌جنادی میسر له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نوسیویه‌تی ئامانجی ئه‌و هێرشه‌ی کردویه‌تیه‌ سه‌رهێزه‌ ئاسایشیه‌که‌ی میسر به‌ر له‌وه‌ بووه‌ ئه‌و هێزه‌ بڕۆن به‌ره‌و ناوچه‌یه‌کی نزیک له‌ خۆپیشاندانه‌که‌، واته‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ده‌کرێت بگوترێت هه‌فتانه‌ شوێنی شه‌ڕ و پێکدادانی هێزه‌ ئاسایشیه‌کان و خۆپیشانده‌رانی ئیسلامیه‌.

خۆپیشاندانه‌کانی لایه‌نگرانی موحه‌مه‌د مورسی که له‌ ساڵی 2013 دا له‌شکرله‌ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی لایدا به‌ گشتی به‌هۆی کۆت و به‌نده‌ قورسه‌کانی هێزه‌ ئاسایشیه‌کانه‌وه‌ به‌رته‌سک ده‌بنه‌وه‌.