له 17 ی شوباتدا خه‌ڵکی هه‌رێم و به تایبه‌تیش له شاری سلێمانی دژی گه‌نده‌ڵی و بێ‌کاری و به‌دکاری به‌رپرسه‌کان ده‌ستیان کرد به ناڕه‌زایی ده‌ربڕین، ڕاچڵه‌کینێک بوو به‌ڕووی سیسته‌مه سیاسیه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا،هه‌رچه‌نده ده‌گوترا یه‌که‌م خۆپیشاندانی 17 ی شوبات بۆ پشتیوانی به‌هاری عه‌ره‌ب بووه له میسر و تونس.
17 ی شوباتی ساڵی 2011 چیی فێرکردین؟
ئه‌و زه‌مینه‌یه چی بوو ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی 17 ی شوباتیان له‌سه‌ر بونیات نرا؟ ئایا ئێستا ئه‌و زه‌مینه‌یه نه‌ماوه؟!
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که خۆپیشاندانه‌کان ئاشتیانه بوون، به‌ڵام ئاستی توڕه‌یی و ناڕه‌زاییه‌کانی خه‌ڵک گه‌یشته ئه‌وه‌ی به‌ردبارانی باره‌گای سه‌ره‌کی پارتی دیموکراتی کوردستان بکه‌ن له شاری سلێمانی . ئه‌و کاته پارتی و یه‌کێتی پێکڕا حکومه‌تی هاوبه‌شیان هه‌بوو له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی به "ڕێکه‌وتنی ستراتیژی" ناودێر ده‌کرا.
لقی 4 ی پارتی دیموکراتی کوردستان له سلێمانی خه‌ڵکی شاری خه‌ڵتانی خوێن کرد. له شوێنه‌کانی تریش به هه‌مان شێوه ته‌قه له خه‌ڵکی ناڕازی کرا، تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت نه داواکانیان جێبه‌جێکران و نه تاوانبارانیش دادگایی کران.
میوانی به‌رنامه:
ڕازاو عه‌بدول، پارێزه‌ر و چالاکوانی سیڤیلی
خه‌ڵک هاتنه سه‌ر شه‌قام، ئۆپزسیۆنه‌کانی ئه‌وکات (گۆڕان، یه‌کگرتووی ئیسلامی، کۆمه‌ڵی ئیسلامی) ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌یان بۆ خۆیان قۆسته‌وه، بوونه پێشڕه‌وی خه‌ڵکی ناڕازی، به‌ڵام پرسیاره‌که له‌وه‌دایه ئایا ئێستاش ئه‌و 3 لایه‌نه له نێو خه‌ڵکدا پێشه‌نگییان ماوه؟ له‌گه‌ڵ داواکانی خه‌ڵکدان؟ یان ئه‌و کاته مه‌به‌ستێکی تایبه‌تییان هه‌بووه و ئێستا ئه‌و چاکسازیانه باویان نه‌ماوه؟
گه‌ر به‌راوردێک له نێوان ئه‌وسا و ئێستادا بکه‌ین، جێی خۆیه‌تی بپرسین له‌گه‌ڵ نه‌بوونی مووچه و که‌می وزه‌ی ئه‌لکتریک و هه‌روادێ و که‌م بوونه‌وه له خزمه‌تگوزاریه بنچینه‌ییه‌کاندا به‌ڵام خه‌ڵک خۆپیشاندان ناکه‌ن؟ ئه‌وسا داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تیش ده‌کرا.
به‌لای زۆرێک له چاودێری سیاسیه‌وه هه‌وڵه‌کانی بۆ پێکهێنانی حکومه‌تی بنکه فراوان ده‌دران له هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا، هه‌نگاوێک بوون بۆ ڕێگه‌گرتن له ڕوودانه‌وه‌ی جارێکی تری 17 ی شوبات.
هه‌ر له‌م ڕادیۆیه‌وه (به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مریکا)زۆرێک له سه‌رکرده‌کانی ئۆپزسیۆنی ئه‌وسا و گه‌وره کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌تی بنکه فراوانی ئێستا ده‌یانگوت ئه‌و پاکێجه‌ی هه‌یانه زۆر به سانایی ده‌کرێت له ماوه‌ی چوار بۆ شه‌ش مانگدا جێبه‌جێ بکرێت و دادوه‌ریه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی بێته ئاراوه که نیگه‌رانیه‌کانی خه‌ڵک بڕه‌وێنێته‌وه، وه‌لێ ئێستا که به‌شێکن له ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێن کاتێکی زۆر زۆر زیاتری ده‌وێت؟!
چوار ساڵ دوای ئه‌م ڕووداوانه وه‌ک زۆرێک له چاو‌دێر ده‌ڵێن هێشتا 17 ی شوباتێکی تر پێویسته، هه‌موو حیزبه‌کانی به‌شدارن له ده‌سه‌ڵاتدا به‌رپرسیارێتیان له ئه‌ستۆیه بۆ چاکسازی و بۆ گۆڕانکاری و به ڕاشکاویش گله و گازه‌نده‌کانیان ئاڕاسته‌ی ئۆپزسیۆنه‌کانی ئه‌وسا ده‌که‌ن.
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه و پرسیاره‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش له به‌رنامه‌ی "له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا" یه:
Your browser doesn’t support HTML5