دکتۆر جه‌بار قادر: ئه‌م لێدوانه‌ی وه‌زیری وزه‌ی تورکیا وه‌ک بازدانێکه‌ به‌سه‌ر ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا

دکتۆر جه‌بار قادر

وه‌زیری وزه‌ی نه‌وت له‌ تورکیادا ڕایده‌گه‌یه‌نێت وڵاته‌که‌ی له‌ ده‌ڤه‌ری قه‌ندیل به‌ شوێن نه‌وتدا ده‌گه‌ڕێت.

تانه‌ر یه‌ڵدز له‌ لێدوانه‌که‌یدا بۆ په‌یامنێران جه‌ختی له‌ دڵنیایی خۆی کردۆته‌وه‌ که‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ سودی زۆری ده‌بێت وه‌ک ده‌ڵێت "بێ له‌و سودانه‌ش که‌ بۆ باکوری عێراق ده‌بن له‌ ڕووی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ له‌ بواری وزه‌دا، ده‌رفه‌تی کارکردنی نوێش له‌ قۆناغی ئاشتی ناوخۆییدا ده‌ڕه‌خسێت."

دکتۆر جه‌بار قادر، پسپۆڕی کاروباری تورکیا ده‌ڵێت ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی وه‌زیری وزه‌ی تورکیا مایه‌ی سه‌رنج و سه‌رسوڕمانه‌ چونکه‌ بۆ له‌م کاته‌دا و بۆ ئه‌و شوێنه‌ش باس ده‌کات، وه‌ ده‌شڵێت ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ک بێت وه‌ک بڵێیت حکومه‌تی تورکیا زۆر پشتڕاسته‌ له‌وه‌ی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که‌) چه‌ک داده‌نێت و ئیدی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ببێته‌ شوێنێک بۆ گه‌ڕان به‌شوێن نه‌وت و به‌ دوای پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێناندا.

دکتۆر جه‌بار قادر

دکتۆر جه‌بار ده‌شڵێت ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌گه‌ڵ خه‌یاڵدا بڕوات ده‌بێت وه‌های لێبێت ده‌شێت کاربه‌ده‌ستانی تورکیا به‌و شێوه‌یه‌ بیربکه‌نه‌وه‌ که‌ له‌ کۆتاییدا گه‌ریلاکانی په‌که‌که‌ هه‌ر له‌و ناوچه‌یه‌ نیشته‌جێ بکرێن و هه‌ندێک پڕۆژه‌ی له‌و شێوه‌یه‌یان بۆ دروست بکرێت هه‌ر له‌و ناوچه‌یه‌ به‌شوێن کاردا بگه‌ڕێن.

له‌ میانه‌ی وتووێژه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ به‌ڵێن ساڵح، دکتۆر جه‌بار قادر پسپۆڕی کاروباری تورکیائاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌کات هه‌ندێک له‌ کاربه‌ده‌ستانی تورکیا خۆیان وه‌ها ده‌رده‌خه‌ن که‌ چوونه‌ته‌ ئه‌ودیوو کێشه‌که‌ و کێشه‌که‌ بڕاوه‌ته‌وه‌ و ده‌شڵێت ئه‌مه‌ ئه‌و خه‌ون و خه‌یاڵه‌یه‌ که‌ کاربه‌ده‌ستان بیری لێده‌که‌نه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ هێشتا ئه‌وه‌ ڕوون و ئاشکرا نییه‌ ئایا پارتی کرێکارانی کوردستان چه‌ک له‌ پێناوی چیدا داده‌نێت؟!

زانیاری زیاتر له‌ ده‌قی وتووێژه‌که‌دایه‌:

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ له‌گه‌ڵ دکتۆر جه‌بار قادر