له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا: کورد له‌ نێوان ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و حه‌شدی شه‌عبیدا

ڕێکخراوێک له‌ناوچه‌یه‌کی پڕ له‌ کێشمه‌کێشدا دێته‌ ئاراوه‌، ده‌ست ده‌گرێت به‌سه‌ر ڕووبه‌رێکی زۆری عێراق و سوریاشدا. بێ له‌ هێزه‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هاوپه‌یمانێتیه‌کی نێونه‌ته‌وه‌ییش به‌گژیدا ده‌چێته‌وه‌ و زه‌بر له‌ دوای زه‌بر لێی ده‌وه‌شێنێت به‌ڵام تا ئێستاش ئه‌م ڕێکخراوه‌ توندڕه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ هێرشه‌کانی و هه‌روه‌هاش کاریگه‌ریی مه‌ترسیه‌کانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامیه‌ هه‌روادێ و زیاتر ده‌بن.

زه‌مینه‌کانی گه‌شه‌کردنی ڕێکخراوێکی توندڕه‌وی وه‌ک ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن؟

له‌ عێراق له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامیه‌ سوننه‌ ئاینزایه‌دا، هێزێکی میلیشیایی پێک ده‌هێنرێت و سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی و زۆرینه‌ی ئه‌ندامه‌کانیشی له‌ شیعه‌کان پێکهاتووه‌.

میلیشیاکانی ئه‌م هێزه‌ گوناهبارکراون به‌وه‌ی کاری تۆڵه‌کردنه‌وه‌ ده‌که‌ن له‌ سوننه‌کان و وه‌کو ده‌شگوترێت په‌ناپارێزیشیان هه‌یه‌ بۆ هه‌ر کارێک ده‌یکه‌ن.

دلێر عه‌بدولخالق

میوانی به‌رنامه‌:
دلێر عه‌بدولخالق، نوسه‌ر و لێکۆڵه‌ر.

له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ جیاوازی ڕوانینه‌ له‌سه‌ر هه‌بوونی ئه‌م هێزه‌، بۆ نمونه‌ مه‌سرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، که‌ ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانیشه‌ له‌ دیمانه‌یه‌کیدا له‌گه‌ڵ که‌ناڵی( بی بی سی) به‌ریتانیدا ئاگاهی ده‌دات و ده‌ڵێتنابێت ئه‌م کرده‌ی تۆڵه‌کردنه‌وانه‌ هه‌بن ده‌نا كێشەیەكی گەورەتر لەداعشی بەدواوە دێت.

له‌ولاشه‌وه‌ ئاڵا تاڵه‌بانی، سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان که‌ ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتیشه‌ وه‌ک له‌ که‌ناڵی سۆمه‌ریه‌ نیوزدا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌بروسکه‌یه‌کی پیرۆزبایی بۆ حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی سه‌ره‌ک وه‌زیری وڵاته‌که‌ ده‌نێرێت و له‌گه‌ڵ ستایش کردنی له‌شکری عێراق وهێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستاندا، ستایشی هێزی حه‌شدی شه‌عبیش ده‌کات. مشتێکیش نمونه‌ی خه‌رمانێکه‌.

له‌م دوو په‌یامه‌دا که‌ ده‌کرێت بگوترێت هاوکاتن، ڕێک و ڕه‌وان جیاوازی ڕوانین ده‌رده‌که‌وێت سه‌باره‌ت به‌م حه‌شدی شه‌عبیه‌.

یه‌کێک له‌ پرسیاره‌ سه‌ره‌کیه‌کان ئه‌وه‌یه‌ بۆ ده‌بێت کورد له‌م قۆناغه‌دا خۆی دابه‌ش بکات به‌سه‌ر هه‌ردوو به‌ره‌ی سوننه‌گه‌رایی و شیعه‌گه‌راییدا؟ له‌ ده‌مێکدا کورد کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌ له‌ عێراقدا نه‌ک تایفه‌گه‌رایی یان ئاینزایی.

ئایا ئه‌مه‌ش به‌شێکه‌ له‌و ناکۆکیانه‌ی له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی هه‌رێمه‌که‌دا هه‌ن؟

ئایا ده‌کرێت پێکهێنانی هێزێکی میلیشیایی وه‌ک (حه‌شدی شه‌عبی) به‌ داعشی شیعه‌ ناودێر بکرێت؟

کامه‌یان مایه‌ی مه‌ترسی زیاترن بۆسه‌ر ئاینده‌ی کورد، ده‌وڵه‌تی ئیسلامی یان حه‌شدی شه‌عبی؟

وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و پرسیار و سه‌رنجه‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش له‌ به‌رنامه‌ی (له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا) یه:

Your browser doesn’t support HTML5

له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا: کورد له‌ نێوان ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و حه‌شدی شه‌عبیدا