برێنان: ئێران ئه‌نجامه‌کانی به‌رنامه‌ی ناوکی ده‌زانێت

سه‌رۆکی ده‌زگای موخابه‌راتی ئه‌مریکا ده‌ڵێت ئێران ده‌زانێت ڕووبه‌ڕووی باجدانێکی زۆر و به‌ره‌نجامێکی خراپ ده‌بێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌وڵی دروستکردنی چه‌کی ناوکی بدات.

جان برێنان له‌ به‌رنامه‌ی (فۆکس نیوس سه‌نده‌ی) دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردووه‌ ئێران ئاگاداره‌ له‌وه‌ی چی ڕووده‌دات ئه‌گه‌ر بێتوو به‌رده‌وام بێت له‌و‌ به‌رنامه‌ ناوکیه‌ی هه‌یه‌تی.

سه‌رۆکی (سی ئای ئه‌ی)ده‌ڵێت دڵنیایه‌ له‌وه‌ی تواناییه‌ موخابه‌راتیه‌کانی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا هێنده‌ی پێویست بکات به‌هێزن و ده‌شڵێت ئه‌مریکا تێده‌گات له‌وه‌ی ئه‌م به‌رنامه‌ ناوکیه‌ی تاران چی له‌ خۆ ده‌گرێت.

ئه‌م لێدوانانه‌ی به‌ڕێز برێنان پاش کۆبونه‌وه‌کانی جان کیری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کان بوو له‌ ئه‌وروپا هاوکاتی هه‌وڵه‌کانی گه‌یشتن به‌ کڵێشه‌ی ڕێکه‌وتنێکی کاتی ده‌درا له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ناوکیه‌که‌ی ئێران.