چه‌کدارانی سه‌ر به‌ قاعیده‌ زۆربه‌ی شاری موکه‌لـلای باشوری یه‌مه‌ن داگیرده‌که‌ن

سه‌رچاوه‌یه‌کی له‌شکری یه‌مه‌ن و دانیشتوان ده‌ڵێن چه‌کدارانی سه‌ر به‌ قاعیده‌ ده‌سـتیانگرتووه‌ به‌سه‌ر زۆربه‌ی شاری موکه‌لـلای ناوه‌ندی پارێزگای حه‌زره‌مه‌وت له‌ باشوری یه‌مه‌ن.

ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی فڕانس پـرێس ڕۆژی هه‌ینی ڕایگه‌یاند دانیشتوانی ئه‌و شاره‌ که‌ناریـیه‌ی سه‌ر ده‌ریای عه‌ره‌ب گوتوویانه‌ ته‌نها فڕۆکه‌خانه‌ی شاره‌که‌ و چه‌ند بنکه‌یه‌کی له‌شکری ماونه‌ته‌وه‌ که‌ چه‌کداره‌کانی قاعیده‌ هێشتا‌ کۆنترۆڵیان نه‌کردوون.

هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌یه‌کی له‌شکریش به‌ ئاژانسه‌که‌ی گوتووه‌ باره‌گای فه‌رمانده‌یه‌تی له‌شکر له‌ موکه‌لـلا که‌تووه‌ته‌ ژێر ده‌ستی چه‌کداره‌کانه‌وه‌. پاشان هێرشیان کردووه‌ته‌ سه‌ر بنکه‌یه‌کی له‌شکری و به‌ لایه‌نی که‌م 5 سه‌ربازیان کوشتووه‌ و هه‌موو عه‌مباره‌کانی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیـیان به‌ تاڵان بردووه‌.

ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ش چه‌کدارانی سه‌ر به‌ قاعیده‌ هێرشیان کرده‌ سه‌ر به‌ندیخانه‌ی موکه‌لـلا و نزیکه‌ی 300 زیندانیکراویان به‌رداوه‌، له‌وانه‌ خالید باته‌رفی که‌ ڕێبه‌رێـکی قاعیده‌ بووه‌.

ده‌شڵێن به‌ سه‌دان خێزان شاره‌که‌یان چۆڵکردووه‌ و ئاواره‌بوون.