چالاکوانانی سوریا ده‌ڵێن به‌ ناوبژیوانی کورد گروپـێـکی ئیسلامی 10 منداڵ و 15 ژن ئازاد ده‌کات

کۆمه‌ڵه‌ی سوریا بۆ چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ ده‌ڵێت به‌ ناوبژیوانی کورد، گروپێـکی ئیسلامی له‌ باکوری سوریا 10 منداڵ و 15 ژنی ئازادکردووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر به‌ردانی فه‌رمانده‌یه‌کی ده‌سـتگیرکراوی گروپه‌که‌ له‌ لایه‌ن چه‌کدارانی سه‌ر به‌ حکومه‌ته‌وه‌.

ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی فڕانس پـرێس ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ زاری ڕامی عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ڕی کۆمه‌ڵه‌که‌ بڵاویکرده‌وه‌ که‌ گوتویه‌تی ئه‌و ژن و منداڵانه‌ زیاتر له‌ سـاڵێـک بوو له‌ لایه‌ن (جه‌یش ئه‌لموجاهیدین) به‌ بارمته‌ گیرابوون. گوتیشی خه‌ڵکی هه‌ردوو شارۆچکه‌ی زه‌هرا و نوبه‌لی زۆرینه‌ شیعه‌ن و کاتێـک ده‌سـتگیرکراون که‌ له‌ شارۆچکه‌کانیانه‌وه‌ به‌ره‌و حه‌له‌ب و دیمه‌شق به‌ڕێ که‌وتبوون. گوتیشی فه‌رمانده‌ ده‌سـتگیرکراوه‌که‌ی گروپه‌که‌ که‌ ناوی یوسف زه‌وعه‌یه‌ سـاڵی ڕابردوو به‌ هه‌ڵه‌ چووته‌ ناوچه‌یه‌کی ژێر ده‌سـتی هێزه‌کانی سه‌ر به‌ حکومه‌ت و ده‌سـتگیرکرابوو.

پاشان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ کرد که‌ ده‌سـته‌ی به‌رگری و پاراستن له‌ کانتۆنی عه‌فرین ناوبژیوانیـیه‌که‌ی کردووه‌ له‌ نێوانیان.