له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا: کورد له‌ شه‌ڕی موسڵدا

هاوکاتی قه‌یرانی دارایی و ئابوری هه‌رێمی کوردستانی عێراق، سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌کات، داوای به‌شداری هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان ده‌کات له‌ شه‌ڕی ئازادکردنی موسڵدا.

سه‌ردانه‌که‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی نزیکه‌ی 6 کاژمێری خایاند به‌ به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی ئاواره‌کانیشه‌وه‌. ژماره‌یه‌ک کۆبوونه‌وه‌ کراون، په‌یوه‌ندیه‌کانی به‌غدا و هه‌ولێر، ئارامی و سه‌قامگیری عێراق، بودجه‌، چۆنیه‌تی شکست پێهێنانی چه‌کداره‌ توندڕه‌وه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، ڕۆڵ و کاریگه‌ریه‌کانی عێراق له‌ ناوچه‌که‌دا، ڕه‌وشی یه‌مه‌ن، سوریا، قۆناغی پاش ڕێکه‌وتنه‌ ناوکیه‌که‌ی ئێران و هتد ته‌وه‌ره‌کانی کۆبوونه‌وه‌کان بوون.

12 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا هاوپه‌یمانانی به‌سه‌رکردایه‌تی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا په‌یکه‌ره‌که‌ی سه‌دام حوسه‌ینی له‌ مه‌یدانی فیرده‌وسی به‌غدا شکاند و کۆتایی به‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی تاک لایه‌نه‌ و دیکتاتۆریه‌تی سه‌دام حوسه‌ین هێنا.

دکتۆر ڕێبوار فه‌تاح

به‌لای هه‌ندێک له‌ چاودێره‌وه‌ 12 ساڵه‌ قۆناغێکی تری ململانێ و ناکۆکی خوێناوی ئاینزاکانی ئیسلام له‌ عێراقدا سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و گه‌یشتۆته‌ ئه‌م ئاسته‌ی ئه‌مڕۆی که‌ ڕێکخراوێکی تێرۆریستی وه‌ک ده‌وڵه‌تی ئیسلامی دێنێته‌ ئاراوه‌.

ئه‌م ده‌وڵه‌تی ئیسلامیه‌ یه‌ک له‌سه‌ر سێی عێراق و سوریای داگیرکردووه‌ و ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تیشی ڕاگه‌یاندووه‌.

هێزه‌ ئاسایشیه‌کانی عێراق توانییان شاری تکریتیان له‌ ده‌ست بسه‌ننه‌وه‌ و ئێستاش شه‌ڕ له‌ پارێزگای ئه‌نباره‌.

له‌شکری عێراق و هێزی حه‌شدی شه‌عبی له‌ خۆ ئاماده‌کردندان بۆ ئازادکردنی شاری موسڵ.

میوانی به‌رنامه‌:

دکتۆر ڕێبوار فه‌تاح، نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان.

سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق به‌شداریی هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ گرنگ ده‌زانێت له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ی موسڵدا و داواشی کردووه‌ تا پێشمه‌رگه‌ به‌شدار بێت.

ئه‌م داوایه‌ی سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق له‌ ده‌مێکدایه‌ ژماره‌یه‌ک کێشه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراو له‌ نێوان به‌غدا و هه‌ولێردا به‌بێ چاره‌سه‌رکردن ماونه‌ته‌وه‌.

کێشه‌کان چاره‌سه‌ر نه‌کراون و هه‌ردوو لاش به‌ گومانه‌وه‌ له‌ یه‌ک ده‌ڕوانن و هێشتاش به‌غدا موچه‌ی چه‌ند مانگێکی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی نه‌داوه‌، ئاستی متمانه‌ به‌ یه‌ک کردن له‌وپه‌ڕی نزمیدایه‌ و که‌چی به‌غدا هێزی پێشمه‌رگه‌ی ده‌وێت بۆ ئازادکردنی موسڵ.‌

ئایا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێم هیچ مه‌رجێکی هه‌یه‌ بۆ به‌شداری کردنی له‌ شه‌ڕه‌ چاوه‌ڕوانکراوه‌که‌ی موسڵدا؟

حکومه‌ته‌که‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی هێشتاش موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی به‌ ته‌واوه‌تی نه‌ناردوه‌ به‌ڵام ئایا ده‌زانرێت له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک ئه‌م داوایه‌ له‌ کورد ده‌کات؟

هێشتاش له‌لایه‌ن زۆربه‌ی سیاسیه‌کانی عێراقه‌وه‌ وه‌ها ناڕواندرێته‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان که‌ هێزێکی نیشتیمانیه‌.

کورد به‌ گشتی به‌ره‌یه‌کی گه‌وره‌ی شه‌ڕی دژی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی هه‌یه ‌له‌ ڕۆژئاواوه‌ تا ده‌گاته‌ خانه‌قین له‌سه‌ر سنوری ئێران، ئایا جێی خۆیه‌تی به‌شدار بێت له‌شه‌ڕه‌کانی عێراق له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تدا؟

ئه‌گه‌ر کورد به‌شدار بێت له‌ شه‌ڕی موسڵدا به‌ڕای ئێوه‌ نابێته‌ به‌شێک له‌ قه‌یرانی ئاینزایی وڵاته‌که‌؟

وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و پرسیار و سه‌رنجه‌کانی ئێوه‌ش له‌ به‌رنامه‌ی (له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا) یه‌:

Your browser doesn’t support HTML5

له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا: کورد له‌ شه‌ڕی موسڵدا