دکتۆر جه‌عفه‌ر عه‌لی: سیناریۆکه‌ی 30 ی مانگی شه‌شی 2013 له‌‌ فۆرمێکی تردا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌

دکتۆر جه‌عفه‌ر عه‌لی

کۆبوونه‌وه‌کانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق به‌رده‌وامن و هه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کانیش باس له‌ سازانی نیشتیمانی ده‌که‌ن له‌سه‌ر پرسی هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستور و هه‌روه‌هاش ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌ری درێژکردنه‌وه‌ی جارێکی تری پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم.

دکتۆر جه‌عفه‌ر عه‌لی، شیکه‌ره‌وه‌ی سیاسی ده‌ڵێت ئه‌و لێدوانانه‌ی ئێستا له‌سه‌ر پرسی ده‌ستور و هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌کرێن دووباره‌ کردنه‌وه‌ی هه‌مان قسه‌کانی پێش چه‌ند ساڵێکن ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت ئێستاجیاوازی له‌ دۆخه‌‌که‌دا هه‌یه‌ وه‌ک پێکهاته‌ی حکومه‌ت و سه‌نگیی لایه‌نه‌کان له‌ناو حکومه‌ت و په‌رله‌مانیشدا جیاوازه‌، دکتۆر جه‌عفه‌ر ده‌شڵێت ئایا ئه‌م هێزه‌ سیاسیانه‌ی ئێمه‌ ڕژدن له‌سه‌ر ئه‌و قسانه‌ی سه‌باره‌ت به‌ پرسسی ده‌ستور ده‌یکه‌ن؟

دکتۆر جه‌عفه‌ر ده‌ڵێت لایه‌نه‌کان هێنده‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی تیۆریه‌وه‌ قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌ستور کردووه‌، هێنده‌ نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و قسانه‌ی خۆیان جێبه‌جێ بکه‌ن ، وه‌ک ده‌ڵێت به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ ده‌کرێت بگوترێت ناڕاستیه‌کی زۆر گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ خۆیان و جه‌ماوه‌ری هێزه‌ سیاسیه‌کانیان و له‌گه‌ڵ دروشمه‌کانیشیان بۆ ده‌ستکاریکردن یان ڕیفۆرمی ده‌ستور به‌رزیان کردبووه‌وه‌.

له‌ میانه‌ی وتووێژه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ به‌ڵێن ساڵح، دکتۆر جه‌عفه‌ر عه‌لی شیکه‌ره‌وه‌ی سیاسی ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌کات تا ئه‌م چرکه‌ ساته‌ش پێی وه‌هانییه‌ هێزه‌ سیاسیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ ئۆپزسیۆنه‌کانی پێشووشه‌وه‌ و به‌ یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانیشه‌وه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتدار بووه‌، نه‌ ئه‌و بوێریه‌یان تیادایه‌ که‌ کاندید به‌رامبه‌ر بارزانی دابنێن و نه‌ هێنده‌ش بوێرییان تیادایه‌ داوای هه‌ڵبژاردنێکی نوێی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم بکه‌ن و ده‌شڵێت هه‌ر هه‌مووشیان دۆخی قه‌یراناوی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌نه‌ پاساو‌ بۆ له‌ خشته‌بردنی هه‌واداران و بنکه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆیان.

دکتۆر جه‌عفه‌ر ده‌ڵێت ڕه‌نگه‌ ڕه‌وشی ڕۆژئاوای کوردستان باشترین نمونه‌ بێت که‌ له‌ نێوه‌ندی قه‌یرانی ئابوری و سیاسیشدا هه‌ڵبژاردنی خۆی کردووه‌.

زانیاری زیاتر له‌ ده‌قی وتووێژه‌که‌دایه‌:

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ له‌گه‌ڵ دکتۆر جه‌عفه‌ر عه‌لی