رۆژی دووشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەک لە وەزیران سەردانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانیان كرد و لەلایەن یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان و جەعفەر ئیمینكی جیگری سەرۆكی پەرلەمان و فەخرەدین قادر سكرتێری پەرلەمانەوە پێشوازیكران. لە دانیشتنەكەدا دووپاتیان لەسەر هەماهەنگی نێوان حكومەت و پەرلەمانی كوردستان كرایەوە و هەردوولا جەختیان لەو هاوكاری و پەیوەندییە ئیدارییە كردەوە.
لەمبارەیەوە فەخرەدین قادر سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكا ڕاگەیاند لە كۆبوونەوەی ئەمرۆ گفتۆگۆ لە سەر سێ تەوەر كرا تەوەری پرسیارەكانی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان كە ئاراستەی حكومەت دەكرێت و لەسەر میكانیزمی جۆری ئەم پرسیارانە و وهڵامدانەوەی ئەوان بۆ ئەوەی بتوانرێت رۆلی چاودێریكردنەكە باش بكرێت و كێشە و داواكاری هاووڵاتیان كە خۆیان لە بەدواداچوونی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستانەوە دەبینرێت بە ئیجابی وەربگیریت وا نەزانرێت كە پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی هەرێمی دوو سەنگەر لەیەكتر دەگرن، هەروەها گفتۆگۆ لە سەر ئەو پرۆژە یاسا و بڕیارانە كرا كە ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم كراوە سەبارەت بە ڕای ئەوان، تەوەری سێیەكی گفتۆگۆكە پەیوەست بوو بە بانگهێشتی وەزیرەكان كە بە حاڵەتێكی نۆرماڵ وەربگیرێت و وەزیرەكان ئامادەبن بۆ بەردەم پەرلەمان و وهڵامی پەرلەمانتاران بدەنەوە.
لای خوشیەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كرد ئەو پرۆژە یاسایانەی كە پەسەند دەكرێن لەلایەن پەرلەمانەوە بنێردرێت بۆ حكومەت بۆ ئەوەی بە شێوەی پراكتیكی بخرێنە جێبەجێكردنەوە و پرسی دەستور و دروستبوونی لیژنەی بیست و یەک كەسی و پەسەندكردنی چەند پرۆژە یاسایەک بەشێكی تری دانیشتنەكەی ڕۆژی دووشەممە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو.
Your browser doesn’t support HTML5