هه‌له‌و واشنتن: سه‌ردانه‌که‌ی مه‌سعود بارزانی بۆ ئه‌مه‌ریکا

مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردسـتانی عێراق ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ خۆی و شاندی یاوه‌ری گه‌یشتنه‌ واشنتنی پایته‌ختی ئه‌مه‌ریکا. له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو چه‌ندان کۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌سـتانی باڵای ئه‌مه‌ریکا ئه‌نجامداوه‌، له‌وانه‌ سه‌رۆک ئۆباما و جۆ بایدن جێـگری سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا.

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌ میانه‌ی وتاره‌که‌یدا له‌ ژوری بازرگانی ئه‌مه‌ریکایی له‌ واشنتن گوتی بۆ گه‌لی کوردستانی ڕاده‌گه‌یه‌نێت که‌وا کۆبوونه‌وه‌که‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆک ئۆباما و جۆ بایدن زۆر سه‌رکه‌وتووانه‌ بووه‌"

ئۆفیسی جۆ بایدن جێـگری سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا به‌یانـنامه‌یه‌کی له‌ باره‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ بڵاوکرده‌وه‌ و تیایدا نووسراوه‌، له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا وتووێژکراوه‌ له‌ باره‌ی کۆمه‌ڵێک بابه‌ت، له‌وانه‌ هه‌ڵمه‌تی دژی داعش و ده‌سـتپـێشخه‌ریـیه‌ سیاسیـیه‌کانی له‌ ئارادان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی عێراق و به‌هێزکردنی هاوکاری نێوان هه‌موو پـێکهاته‌کانیدا.

پاشان ده‌ڵێت سه‌رۆک ئۆباما و بایدنی جێگری جارێـکی دیکه‌ دووپاتیان کرده‌وه‌ ئه‌مه‌ریکا پـشتیوانی به‌رده‌وام و به‌هێزی بۆ هه‌رێمی کوردسـتان و گه‌لی کورد ده‌بێت. هه‌روه‌ها دووپاتیان کرده‌وه‌ ئه‌مه‌ریکا له‌ چوارچێوه‌ی ڕێـکه‌وتنـنامه‌ی سـتراتیژی وابه‌سـته‌یه‌ به‌ عێراقێـکی یه‌کگرتووی فیدراڵی دیموکرات که‌ هه‌ر وه‌کو چۆن له‌ ده‌سـتوری عێراقدا پـێناسه‌کراوه‌.

هه‌روه‌ها سه‌رۆک ئۆباما و جۆ بایدن هه‌ر یه‌که‌یان سـتایشی ئازایه‌تی پـێشـمه‌رگه‌یان کردووه‌ و هه‌روه‌ها پـرسه‌ و ماته‌مینی خۆیان ده‌ربڕێوه‌ بۆ هه‌موو قوربانیـیانی ده‌ستی داعش له‌ سه‌رانسه‌ری عێراقدا.

پـرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، ئامانجی ئه‌م سه‌ردان و کۆبوونه‌وانه‌ چین؟

ئه‌مه‌ بابه‌تی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتنی ئه‌م هه‌ینیـیه‌ بوو که‌ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ی برد و میوانه‌کان ئه‌م به‌ڕێزانه‌ بوون:
عادل نوری، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردسـتان.
نوری حه‌مه‌ عه‌لی، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئاریان ڕه‌ئووف، خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر له‌ په‌یوه‌ندیـیه‌ نێوده‌وڵه‌تیـیه‌کان.

Your browser doesn’t support HTML5

به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتن