به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتن: داگیرکردنی ڕومادی و ئاواره‌بوون به‌ره‌و کوردسـتان

پاش تێپه‌ڕبوونی نزیکه‌ی سـاڵێـک به‌سه‌ر ئه‌و شکسته‌ گه‌وره‌یه‌ی دووچاری حکومه‌ت و له‌شکری عێراق بوو له‌ داگیرکردنی شاری موسڵ له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌، وا جارێـکی دیکه‌ هه‌مان سیناریۆ له‌ شاری ڕومادی دووباره‌ بووه‌وه‌.

به‌پـێی ڕاپـۆرته‌کان پاش کشانه‌وه‌ی هێزه‌ ئاسایشیـیه‌کانی عێراق له‌و شاره‌ شه‌ش تانک و شه‌ش تۆپـی قورسیان به‌ دوای خۆیان جێهێشتووه‌. هه‌روه‌ها به‌ ده‌یان ماشێنی سه‌ربازی که‌ له‌ نێویاندا نزیکه‌ی 100 ئۆتۆمبیلی زرێپـۆشی هامڤی هه‌یه‌. له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر بڕێـکی ئێجگار زۆری گولـله‌ و ته‌قه‌مه‌نیـیان جێهشـتووه‌.

هه‌ر وه‌کو موسڵیش ئێسـتا کاربه‌ده‌سـتانی عێراق داوا ده‌که‌ن لێـکۆڵینه‌وه‌ بکرێت که‌ بۆچی هێزه‌کانی حکومه‌ت کشاونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا خه‌ڵکی ده‌پـرسن ئه‌و جۆره‌ لێکۆڵینه‌وانه‌ چ سوودێـکیان ده‌بێت له‌ کاتێـکدا که‌ ڕێوشوێنی پـێوست ناگیرێنه‌به‌ر بۆ دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌یان؟

له‌گه‌ڵ ئه‌م شکسته‌ نوێـیه‌ی حکومه‌تی عێراق، قه‌یرانێـکی دیکه‌ی مرۆیی سه‌ری‌هه‌ڵدا، ئه‌ویش ئاواره‌بوونی به‌ ده‌یان هه‌زار که‌سی دیکه‌ که‌ زۆربه‌ی زۆریان له‌ سووننه‌ن و وه‌کو عوده‌ی ناجی به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی ئه‌نبار ده‌ڵێت ده‌روازه‌کانی هه‌ردوو پارێزگای بابل و که‌ربه‌لای دراوسێی پارێزگاکه‌یان به‌ ڕوویان داخستوون و ئێسـتاش له‌ به‌غدای پایته‌خته‌وه‌ به‌ره‌و هه‌رێمی کوردسـتان به‌ڕێکه‌وتوون به‌و هیوایه‌ی له‌وێ په‌ناگه‌یه‌کی سه‌لامه‌تیان ده‌ستبکه‌وێت.

پـرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ کێ له‌م شکسته‌ نوێـیه‌ به‌رپـرسیاره‌ ئایا هێزه‌ ئاسایشیـیه‌کانی عێراقه‌ یان حکومه‌تی سه‌رۆک وه‌زیر عه‌بادی یانیش هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی؟

پـێشبینی ناکرێت ئه‌م شکسته‌ نوێـیه‌ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ بقۆزرێته‌وه‌ بۆ ڕه‌وانه‌کردنی له‌شکری خۆی به‌ فه‌رمی بۆ عێراق؟

هاتنی ئاواره‌ی نوێ به‌ره‌و هه‌رێمی کوردسـتان مه‌ترسی ئه‌وه‌ی نابێت که‌ بـبێته‌ بارێـکی گرانی دیکه‌ بۆ سه‌ر ئابوریـیه‌که‌ی له‌ کاتێـکدا هێشـتا حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق پابه‌ندی ته‌واوی به‌ڵێـنه‌که‌ی نه‌بووه‌ له‌ ڕه‌وانه‌کردنی ته‌واوی بودجه‌ بۆ هه‌رێم؟

ئه‌مه‌ بابه‌تی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتنی ئه‌م هه‌ینیـیه‌ بوو که‌ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ی برد و میوانه‌کان ئه‌م به‌ڕێزانه‌ بوون:
دکتۆر خامۆش عومه‌ر، مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی.
مه‌سعود حه‌یده‌ر، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی گۆڕان.

Your browser doesn’t support HTML5

به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتن