دەمڕاستی كۆمەڵی ئیسلامی هۆكاری دواخستنی كۆبونەوە پێنج قۆڵیەكان بۆ دەنگی ئەمریكا ئاشكرا دەكات

ڕێبوار حەمەد

ڕێبوار حەمەد دەمڕاستی كۆمەڵی ئیسلامی لەمیانی وتوێژێكدا لەگەڵ بەشی كوردی(دەنگی ئەمریكا)ئاماژە بۆ ئەوە دەكات،لەسەر داوای پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبونەوە پێنج قۆڵیەكەی ڕۆژی سێ‌ شەممە دواخراوە بەڵام هێشتا دیارنیە دوادەخرێت یاخود نا.

پێشتر هەر چوار لایەنەكە (یەكێتی نیشتمانی كوردستان،بزوتنەوەی گۆڕان،یەكگرتووی ئیسلامی،كۆمەڵی ئیسلامی) دوو بژاردەیان دابووە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ چارەسەركردنی پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وا بڕیاربوو پارتی دیموكراتیش(6-10-2015) وەڵامی ئەو چوار لایەنە بداتەوە لەسەر ڕازیبوون بە یەكێك لەو دوو بژاردەیە.

ڕێبوار حەمەد وتەبێژی فەرمی كۆمەڵی ئیسلامی و ئەندامی لیژنەی دانوستانكاری ئەو حیزبە لە كۆبونەوە پێنج قۆڵیەكە بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند "پارتی دیموكراتی كوردستان داوای كردووە كۆبونەوە پێنج قۆڵیەكانی(6)ی ئەم مانگە بۆ(8)ێ‌ مانگ دوابخرێت."

دەمڕاستی كۆمەڵی ئیسلامی دەشڵێت نەزانراوە هۆكاری ئەو داواكاریەی پارتی بۆچی دەگەڕێتەوە.

لەوەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمریكا سەبارەت بە نیگەرانیەكانی خەڵك و جەماوەری كۆمەڵ لەسەر بەردەوامی كۆبونەوەكان، ڕێبوار حەمەد دەڵێت خەڵك بەتەنها لەو كۆبونەوانە نیگەران نین،بەڵكو نیگەرانی خەڵك لەئەنجامی كەڵەكەبوونی كۆمەڵێك قەیرانە كە ئێستا لەهەرێمی كوردستاندا هەن.

وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی ئاشكراشیكرد ئەگەر هاتوو لەم كۆبونەوەیەی داهاتوودا نەگەنە ئەنجام ئەوا وەك كۆمەڵی ئیسلامی پێشنیاری نوێیان دەبێت بەڵام وەک دەڵێت "لەئێستادا ئەو پێشنیارە ئاشكرا ناكەم."

دەقی وتووێژەكەی دەمڕاستی كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ (ژیار محەمەد) پەیامنێری دەنگی ئەمریكا:

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ ڕێبوار حەمەد