ژیان لە فەرهەنگدا: گەشە جاف

گەشە جاف

ئەوەی نکوڵی لێناکرێت ئەوەیە مرۆڤ لە هەر قۆناغێکی تەمەندا بێت پێویستی بەوەیە ئاخاوتن لەگەڵ هەست و لەگەڵ نەستیشیدا بکرێت بێباکانە لە بەکارهێنانی هەر وشەیەک یان دەستەواژەیەکدا.

یەکێک لەو شتانەی لە شیعرەکانی (گەشە جاف) دا سەرنجم ڕادەکێشێت لە بەکارهێنانی وشەکان و داڕشتنی وێنە شیعرییەکانیدا کۆت و بەندەکان دەشکێنێت تا هزری خۆی بنوسێتەوە بەو شێوەیەی خۆی دەیخوازێت نەک دەوروبەرەکەی.

چی خوێندنەوە قوڵ و پڕ لە ڕامانەکان بە دوای خۆیدا دێنێت ئەگەر دەقێکی زیندوو و داهێنەرانە نەبێت.

دەقێکی زیندوو و داهێنەرانەش هەروا بە سانایی نایەتە ئاراوە گەر خاوەنەکەی ماندووبوونێکی تەواوی بە خۆوە نەدیبێت و لەبەردەم دەیان پرسیاردا ڕانەوەستابێت و کاری لەسەر ئەوە نەکردبێت چۆن ئەو پرسیارانە نۆژەن بکاتەوە و پرسیاری تریان لێدروست بکات لەسەر خود و دەوروبەر و بیرکردنەوە و بتوانێت خوێنەری خۆی بخاتە گەشتێک بۆ گەڕان بەدوای وەڵامە نوێیەکاندا.

"ئازارەکانم بەشیرین یان تاڵیانەوە

خۆشم ئەوێن،
چون لەهەر یەکێکیان زیاتر
بووونی مرۆڤی خۆم بەرجەستە ئەکەن
بەڵێ،
ئازارەکان
ئاوێنەی ڕاستی بوونی منن....."

(گەشە جاف) لەگەڵ شیعردا خەڵوەت دەگرێت و لە شیعرەکانیشیدا هەست بە گریانێکی نامۆ دەکەیت ئاوێزانە لەگەڵ بیرکردنێکدا کە پانتاییەکەی هێندەی چاوی شیعرەکانی بەرینە.

دۆزینەوەی مانا شاراوەکانی ژیان و گەڕان بە نێو جوانییە پەنهانەکانی پەیوەندییان بە ئایندە و چارەنوسەوە هەیە بەشێکە لە ئەرکی ژانرە فەرهەنگییەکان کە شیعر یەکێکە لەوانە.

"هێدە پڕم لە دەنگت،
بوویتە ئاوازێکی ئەفسوناوی و
موولوولەکانی گیانت هەژاندوە،
سەرتاپام شەونمی چێژ دایپۆشیوە،
چەندە نمایشتێکی جوانە
تێک ئاڵانی گوڵە لاولاوێک ،
بە قەدی درەختی بەختەوەری دا،
چەندە چێژ بەخشە ڕامووسانیان
لە سرووشتی ئەوینی بەریندا
پڕ پڕم له‌ده‌نگی هه‌ناسه‌ی دووری
تۆۆۆۆۆۆۆ"

گەشە جاف

(گەشە جاف) کاتێک دەقە شیعریەکانی دەخاتە بەردەستمان هەست بەو گەڕانە دەکرێت کە دەخوازێت تانوپۆی پرسیاری نوێ لە بەرگێکی ڕەنگاڵەیی ئیستاتیکادا بخاتە بە چاومان و لەوێشەوە ئێمەی خوێنەر دەست بکەین بە گەڕانەکانمان بۆ دۆزینەوەی خود.

ئایا (گەشە جاف) وەک شاعیرێک تەنها خەم و ئەندێشەکانی خۆی دەنوسێتەوە ؟

ئایا ئەم شاعیرەمان دەتوانێت لە شیعرەکانیدا وەک پیشەکەی کە وێنەگرە بە دیمەنەکانی ژیان ئاشنامان بکات؟

ئایا تەکنەلۆژیا توانیویەتی شیعر لە ئەرکەکانی خۆی دوور بخاتەوە؟

زۆر جار دەگوترێت شیعر لە قەیراندایە، ئەگەر وایە چارەسەر چییە ؟

ئایا شیعر توانیویەتی تایبەتمەندییەکانی خۆی بپارێزێت و جیاواز بێت لە سیاسەت و سیاسەتکردن؟

(گەشە جاف) بێ لە شیعر نوسینیش زۆر جاران ئەرکی وەرگێڕانیش لە ئەستۆی خۆی دەنێت بۆیە جێی خۆیەتی لێی بپرسین ئایا لە دەمی وەرگێڕانی دەقێکی شیعریدا چی دەکاتە پێوانە؟

ئایا خۆی وەک شاعیرێک لەژێر کاریگەری ئەو دەقە وەرگێراوانەدا دەمێنێتەوە؟

(گەشە جاف) شاعیر، لە بەرنامەی (ژیان لەفەرهەنگدا) وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

ژیان لە فەرهەنگدا: گەشە جاف