ژیان لە فەرهەنگدا: موحەمەد قادر

موحەمەد قادر

زۆر جار بە ناوی جیا جیاوە لە هەرێمی کوردستانی عێراق فێستڤاڵی تایبەت بە سینەما دەکرێت. هەندێک ناوی لێدەنێن فێستڤاڵی نێونەتەوەیی هونەری سینەما، یان فیستڤاڵی هونەریی سینەمای کوردی، یان داهێنان لە سینەمادا، یان فیستڤاڵی کورتە فلیم و دەیان ناوی تر.

لە هیچ یەکێک لەو فێستڤاڵانەدا وەڵامی ئەو پرسیارە سەرەکییە نەدراوەتەوە ئایا بەڕاست ئێمەی کورد خاوەنی هونەرێکین ناوی لێبنێین هونەری سینەما؟

سینەما کە بە هونەری حەوتەم دادەنرێت، بە گشتی وەک ژانرێکی هونەریی خاوەنی ژمارەیەکی زۆری بینەری خۆیەتی و دەشێت بۆ برەوپێدانی گەلێک ڕەهەند بەکاربهێنرێت لەوانە کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و سیاسی و ئابووری و هتد.

لە هونەری سینەمادا دەکرێت بگوترێت زۆربەی هونەرەکانی تر تیایدا بەشدارن و هەر هەموویان پێکەوە دەتوانن کارێکی هونەری بێننە ئاراوە.

وێنەگرتن و کاری کامێرا لە فلیمە سینەماییەکاندا بەشێکی سەرەکی و گرنگن بە تایبەتیش کاتێک دێتە سەر ئەوەی چۆن بڕیار بدرێت لە دووری و نزیکی چاوی کامێرا لە ئەکتەرەکان و پێکەوە بەستنی دیمەنەکان و ئەو وردەکارییانەی تری پەیوەندییان پێوەی هەیە کە دەکرێت بە گشتی بە ستراتیژیەتی کامێرا ناودێر بکرێن.

میوانی بەرنامە:
موحەمەد قادر، نوسەر لە بواری سینەما

لەگەڵ ئەوەشدا کە فلیمە کوردییەکان زۆرن بەڵام کەمیان توانیویانە ئەرکی گێڕانەوە یان ڕاڤەکردنی ڕووداوەکان بە وێنە و دیمەنەکان بسپێرن.

سینەمای هەر نەتەوەیەک یانی وڵاتێک پێویستی بە ڕەخساندنی زەمینەیەک هەیە تا بتوانێت خۆی تیادا جێگیر بکات و ئەو زەمینەیەش دیسانەوە پێویستی بە ژمارەیەک کۆڵەکە هەیە وەک هەبوونی خوێندنەوەی تایبەت بۆ هونەری سینەما، هەبوونی بازاڕ بۆ کارە سینەماییەکان، بوونی هۆڵی گونجاوی سینەما و چەندان پێداویستی تریش.

لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا کە گلەییەکی زۆرهەن لە نەبوون یان لە کەمی هۆڵەکانی سینەما بەڵام زوو زوو فێستڤاڵی فلیمە سینەماییەکان دەکرێن.

ئایا هونەری سینەما لە چ ئاستێکدایە لە هەرێمی کوردستانی عیراق؟

ئایا سینەمایەکمان هەیە ناوی لێ بنێین سینەمای کوردی یان کوردستانی؟

کەموکوڕییەکان لە کوێدان و چۆن دەتوانرێت چارەسەر بکرێن؟

ئایا کورد ئەکتەری سینەمای هەیە؟

چۆن دەتوانرێت زەمینەیەکی تۆکمە دابنرێت تا کوردیش بتوانێت ببێتە خاوەن سینەمایەکی هاوچەرخ و ڕەسەن؟

موحەمەد قادر، نوسەری بواری سینەما لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

ژیان لە فەرهەنگدا : موحەمەد قادر