هەر دەسەڵاتێک ڕێز لەداوای خۆپیشاندەران و ئازادی ڕادەربڕین نەگرێت بەكەڵكی فەرمانڕەوایی نایەت

Congressman Pitts

جۆزێف پـیتس ئەندامی كۆمیتەی كەمینە نەتەوەیـیەکان و مافی مرۆڤ لە كۆنگرێسی ئەمەریكا دەڵێت، ئەو تاوانانەی داعش بەرامبەر كچ و ژن و خودی ئێزیدییەكان كردی لای ئێمە تاوانی جینۆسایدن و لە كۆبوونەوەی هلسنكی كە لەسەر دۆخی پەنابەران بوو باسمان لەو تاوانانە كرد كە داعش لە سوریا و عێراق بەرامبەر بە هاوڵاتیان بە تایبەت بەرامبەر ئێزیدی و كریستانیەكان ئەنجامیدا.

پیتس لە میانی وتوێژێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكادا پشگیری خۆی بۆ هاوكاریكردنی سەربازی بۆ كوردان پیشان دەدات و دەڵێت"ئێمە پێویستە هاوكاری سەربازی كوردان بكەین كە هەوڵی لەناوبردنی چەكدارانی داعش دەدەن و ڕووبەڕوویان وەستاونەتەوە.

لە بارەی دەوڵەتی كوردیەوە پیتس دەڵێت"دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ كوردان لە عێراق پشتیوانی دەكەم بەڵام نامەوێت دەنگێكی ناڕەزایی لە جیهاندا دروست بكەم، بە تایبەت لە لایەن توركیاوە كە هاوپەیمانی ئێمەیە، بەڵام لە عێراق كە بەباشی هەرێمەكەی خۆیان پاراستووە ئەوە جێی هیوایە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی كوردی."

لە وەڵامی پـرسیاری بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكادا لە بارەی ئەوەی سەبارەت بە پشتیوانی كوردانی سوریا بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردی لە كاتێكدا ئەوانیش هەرێمی خۆیان پاراستووە، سەرۆكی كۆمیتەی كەمینە نەتەوەیـیەکان و مافی مرۆڤ لەكۆنگرێسی ئەمریكادا دەڵێت"،بەڵام لەسوریا گرنگترین شت بۆ ئێمە شەڕی داعشە نامەوێت شتێك بڵێم لەبارەی كوردانی سوریاوە كە ببمە بەشێك لەشەڕ و ململانێی ناوخۆی ئەو وڵاتە."

لەبارەی تەقەكردن لە خۆپیشاندەران لە هەرێمی كوردستاندا جۆزێف پیتس سەرۆكی كۆمیتەی كەمینە نەتەوەیـیەکان و مافی مرۆڤ لە كۆنگرێسی ئەمەریكا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاندووە، ئێمە پشتیوانی هیچ لایەن و كەسێک ناكەین كە بە توندوتیژی وەڵامی خۆپیشاندان و داوای هاوڵاتیانیان بدەنەوە بە شێوازی ئاشتیانە یاخود مافی كەمینە نەتەوەیـیەکانیان پێشێل بكەن ئەگەر ڕێز لە ئازادی ڕادەربڕین و مافی خۆپیشاندەران نەگرن ئەوە واتای ئەوەی كە ئەو دەسەڵاتە بە كەڵكی فەرمانڕەوایەتی نایەت.

Your browser doesn’t support HTML5

جۆزێڤ پیتس باس لە کورد دەکات