وەزیری دەرەوەی مسڕ: حکومەتەکانی ڕۆژئاوا زانیاریەکانیان لەسەر کەوتنی فڕۆکەکە پێمان نەداوە

وەزیری دەرەوەی مسڕ سەماح شوکری بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەریتانیا و وڵاتانی تر زانیاری موخابەراتییان لەگەڵ مسڕ بەش نەکردووە لەسەر کەوتنی فڕۆکە نەفەرهەڵگرە ڕوسیایەکەی هەفتەی ڕابورەدوو.

شوکری ڕۆژی شەممە لە میانەی لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێران لە قاهیرە گازندەی ئەوەی کرد کە زانیارییە موخابەراتیە بیانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شیانی هەیە بۆمب لە نێو فڕۆکەکەدا بوبێت، بەڵام هەتا ئێستا زانیارییەکانیان نەداوە بە دەزگای ئاسایشی مسڕی.

شوکری گوتیشی مسڕ چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد ئەو زانیارییە تەکنیکیانەی کە لەلایەن حوکومەتە بیانییەکانەوە بەکاردێت لەگەڵ قاهیرەدا دابەش بکرایە.

ڕاپۆرتێکی میدیای فەڕەنسا ڕادەگەیەنێت سندوقی ڕەشی فڕۆکەکە دۆزاوەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات بەهۆی بۆمبێکەوە ئەو فڕۆکەیە کەوتووە کە 224 کەسی تێدا کوژرا. کەناڵی تەلەفیزیۆنی فرانس 2 و ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی هەردوکیان دەڵێن سەرچاوەی هەواڵەکە لە لێکۆڵینەکەوە وەرگیراوە.

سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا باراک ئۆباما و سەرۆک وەزیری بەریتانیا دەیڤد کامیرۆن هەردوکیان ڕایانگەیاند بێگومان شیانی زۆر هەیە کە فڕۆکەکە بۆمبی تێدا بوبێت.