ئەمەریکا هێرشەکانی دژ بە داعش لە عێراق و سوریا زیاد دەکات

کاربەدەستێکی باڵای لەشکری ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا دژ بە ملیتانەکانی داعش لە سوریا و عێراق لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوو زیاد دەکات پاش ئەوەی لە مانگی 9 و 10 دا بڕێک کەم ببۆوە.

ژەنەڕاڵی هێزی ئاسمانی چارلس بروان ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کەم بوونەوەی بۆردومانەکانی هێزی هاوپەیمانان بەهۆی خراپی کەش و هەوا و هەروەها نەبوونی چالاکیەکی بەرچاوی ملیتانەکانی داعش بووە لە ناوچەکەدا. گوتی ئێستا کاربەدەستان هەست دەکەن ملیتانەکانی داعش دەستیان کردۆتەوە بە جموجۆڵ.

لە دەمی لێدوانەکەیدا بۆ پەیامنێران، لە پەراوێزی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ئاسمانی لە دوبەی، براون ئەو ڕەخنانەشی ڕەت کردەوە کە دەڵێن هێزی هاوپەیمانان بەڕێبەرایەتی ئەمەریکا چەند هێرشەکانیان کەم کردۆتەوە بەهۆی هەڵمەتی ئاسمانی ڕوسیا لە سوریا.