فەرماندەیەكى هێزەكانى حەشدى شەعبى لەكەركوک و خورماتوو، ئاماژە بەوە دەكات هێزى پێشمەرگە و حەشدى شەعبى رێككەوتوون لەسەر كۆتایى هێنان بە شەڕو ئاڵۆزیەكانى خورماتوو، دەڵێت "پێناچێت جارێكى تر گرژى لەخورماتوو ڕووبداتەوە."
نەجات حسێن، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"لەگەڵ لایەنى كوردى دا رێككەوتووین لەسەر هێوركردنەوەى بارودۆخەكە و پاراستنى ئەمنیەتى خورماتوو لەلایەن پێشمەرگەو حەشد و قەرەبووكردنەوەى زیانلێكەوتوان."
فەرماندەكەى حەشدى شەعبى ، بەپێویستى دەزانێت دوو خاڵى تر بۆ رێككەوتنى نێوان كورد و توركمانى شیعە زیاد بكرێت و ، دەڵێت"دەبێت هەردوولا لیژنە دروست بكەن بۆ دژایەتى كردنى رەگەز پەرستى و رێگرتن لەو كەسانەى هەوڵى نانەوەى ئاژاوە و دووبەرەكى دەدەن."
نەجات حسێن ، رەخنەشى لەبەرپرسانى كورد و حەشدى شەعبى لەخورماتوو گرت بەوەى كە بەرپرسیارانە مامەڵە ناكەن و ، لەبرى چارەسەركردنى كێشە، كێشە دەنێنەوە.
بەپێى قسەى نەجات حسێن، هەندێك شانەى نوستوو لەنێو خورماتودا هەن هەمیشە كێشە گەورە دەكەنەوە و تەنانەت زۆرجاریش لەنێو هێزە شیعیەكانیش دا كێشە دەنێنەوە.
لەئێستادا بارودۆخى ئەمنى قەزاى خورماتوو هێور بووەتەوە و دام و دەزگا حكومیەكان دەستیان بەكاركردن كردووەتەوە، بەڵام هێشتا دانیشتوانە كورد و شیعەكەى ئەو قەزایە ناتوانن هاتوچۆى گەرەكانى یەكترى بكەن.
Your browser doesn’t support HTML5